وەڵامێك بۆ جەنابی رێكخەر





زۆربەی وەڵامەكانی دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، قایلكەر نین بۆ رای گشتی ناوخۆو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، هەندێ جاریش بێ ئەوەی درك بە ترسناكی هەندێ مەسەلە بكات، دەیوروژێنێت. 

راستە ئەم فەرمانگەیە و رێكخەرەكەی دیندار زێباری پلانی بۆ هەموو رۆژانی ساڵ ئەوەیە: " راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵتییەكان پڕن لە زانیاری ناراست و حكومەتی هەرێم غەدری لێكراوە و پەرێزی لە مەسەلەكانی مافی مرۆڤ پاك و بێگەردە"، بەڵام رونكردنەوەی ئەمرۆی لەسەر دەسگیركردنی رۆژنامەنوس و چالاكوان شیروان شێروانی، قسەی زۆر هەڵدەگرێت.   

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، شێروان شێروانی لەسەر فەرمانی راگرتن كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دهۆك دەرچووە دەستگیر كراوە و "تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بۆ ساڵی 2001 كە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەمواركراوە".

بۆ زانیاری خوێنەران ماددەی 156 لە یاسای ژمارە 111 ی ساڵی 1969 یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بە سزادانی ئەو كەسانەی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لەرێگەی بەكارهێنانی چەكەوە، دەچنە ناو حزب یان گروپێكەوە بە هاوكاری بێگانە.

بەڵام جەنابی رێكخەر ئەوەی یاد چووە بلێت " لە ئەیلوی 2003ر وە پەرلەمانی كوردستان كاركردنی بەو مادەی راگرتوە.
پەرلەمانی كوردستان مادەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 سالی 1969 ی هەمواركراوی لە كارخست و ئەمەی خوارە لە هەرێمی كوردستانی عێراق دا جێگای گرتەوە: هەر كەسێك بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك لەكارێكدا تێوە بگلێت بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزا دەدرێت.

ئێمە پێمان وایە "ئەم تۆمەتە ستەمێكی گەورەیە بۆ كەسێك كە تەنها لە رێگەی نوسینەوە بیرباوەری خۆی دەربڕیوە، پەنای نەبردووە بۆ توندوتیژی لە نوسین و نە لە لێدوانە رۆژنامەنوسییەكانی هانی خەڵكی داوە بۆ توندوتیژی" 
هەر بەپێی ئەو راگەیێندراوەی دیندار زێباری ، باس لەوە دەكات كە لەكاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا، شێروان شێروانی دانی بەوە ناوە كە ئەو "لە سەرچاوەی دەرەكییەوە یارمەتی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشرینكردن و گوتنی قسەی نەشیاو بە بەرپرسان و كەسانی خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی دیاریكراو، هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەكان بۆ دروستبوونی تووندوتیژی هەروەها هەڕەشەكردن لە دادوەران".

پێش ئەوەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵتییەكانی حكومەتی هەرێم لەسەر زاری شیروانییەوە باس لە "سەرچاوەی دارایی دەرەكی" بكات دەبوو بزانێت ئەگەر یارمەتی دارایی دەرەكی تاوان بێت ئەوە حكومەتەكەی پشت بە یارمەتی دەركی دەبەستێت!! سەدان رێكخراوی نێوخۆییش بەهەمان شێوە بە یارمەتی دەرەكی سەدان و هەزاران پرۆژەیان جێبەجێكردوەو دەیكەن.

یارمەتی دەرەكی نابێت بكرێتە فاكتەرێك بۆ دروستكردنی گومان و كەڵەكەكردنی تۆمەت بۆ سەر هیچ كەس و لایەنێك بە تایبەتیش كە جارێ بابەتی یارمەتی دەرەكی بە هیچ یاسایەك رێكنەخراوە بەڵام لە ماددەی  سیانزەهەمینی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 2011 یاسای رێكخراوە ناحكومییەكانی لە هەرێمی كوردستان داهاتی رێكخراو هاتووە "ئەو كۆمەك و بەخشش و دیاری و مینحانەی كە لە لایەن كەسان و كەرتی تایبەت و لایەنانی ناوخۆو بیانی دیكەوە پێشكەش كراون" جا كە یاسا رێگەی دابێت رێكخراو كۆمەكی دەرەكی هەبێت "ئەگەر گۆڤاری باشور " كۆمەكی وەرگرتبێت تاوان نییە.

بۆیە ئێمە وەك سەنتەری میترۆ تۆمەتەكانی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تەواوەتی رەتدەكەینەوە، داوا دەكەین دەسبەجێ ئەو مادە یاساییە بگۆڕی بۆ یاسای رۆژنامەگەری و بە كەفالەت ئازاد بكرێت. 

دیاری محمد

بەرێوەبەری سەنتەری میترۆ




AM:12:30:12/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 1152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌