ئایا پزیشك وكەرتی تەندروستی لەسەرو رەخنەوەن ؟





ئێوارەی ئەمرۆ چەند ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس چوونە سەر ماڵی (هەڵوێست نەریمان) مامۆستاو شانۆكار، لە گەرەكی 48 ی قەزای چەمچەماڵ دەستبەسەریانكرد و بریدیان بۆ پۆلیسی چەمچەماڵ پاشان گواستیانەوە بۆ گرتوخانەی شۆڕش. 

هەڵوێست نەریمان مامۆستاو شانۆكارەو نوسینی رەخنەیی و بابەتی تر دەربارەی خەمی گشتی لە تۆری كۆمەڵایەتی بڵاودەكاتەوە،  لە سەرەتای مانگی تەموزی رابردوو بابەتێكی رەخنەیی دەربارەی نەخۆشخانەی تەواری شاری چەمچەماڵ بڵاوكردەوە، بابەتەكە چیرۆكی سەردانی شەوێك دەگێڕێتەوە كە ئەو نەخۆشخانەیە "تەنها پۆلیس لەوێ بووە لەگەڵ هاوڵاتییەكی نەخۆش" دكتۆری لێ نەبووە پاشان ناچار بوون  لە ماڵی یاریدەدەری پزیشكی چارەسەر بۆ نەخۆشەكەیان وەربگرن.

ئایا پزیشك وكەرتی تەندروستی لەسەرو رەخنەوەن؟ نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی وەك سۆپەرماركێتی لیهاتبێت، هەموو شتێك نرخی لەسەر نوسرابێت، جێگەی رەخنە نییە؟
ئەو بارودۆخەی كەرتی تەندروستی تێدایە، كە بە ئەنقەست حكومەت دەیەوێت وەك چۆن بە تەواوی دەست لە كەرتی خزمەتگوزاری گشتی هەڵبگرێت، بە هەمان سیاسەت پشتیوانی كەرتی تەندروستی بە ئەندازەیەك كەمبكاتەوە، هاوڵاتی بەدبەخت ناچار بن بە كەرتی تایبەت رازیبن.

ئەم وزەعە كەسیفەی كەرتی تەندروستی گشتی تێدایە، نەك پۆستێكی فەیسبوك بەڵكو شایەنی دەیان چیرۆكی شانۆیی و نوسین و بابەتی رۆژنامەنوسییە دور لە گوتاری "هاندان بۆ توندوتیژی دژ بە پزیشك و كارمەندانی و دامەزراوەكانی تەندروستی"
هەڵوێستی شانۆكار ئازاد بكەن، بچن بەلای حاڵی بنكەی تەندروستی و دەرمان و خزمەتگوزاریی تر لە نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی، ئەو وەزعە بگۆڕن، نەیگۆڕن خەڵك دەتانكات بە عیبرەت بۆ حەوت پشتتان.


PM:12:20:27/12/2020




ئه‌م بابه‌ته 1040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌