کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی لە کەمپی هۆل ئازادکرا




دوای شه‌ش ساڵ مانه‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستى داعشدا کچێکی دیکەی کوردی ئێزدی لە کەمپی هۆل ئازادکرا و گەڕایەوە باشووری کوردستان و بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 2020/12/27 رافیدە نایف عیسا لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان ئازادکرا و گەڕایەوە باشووری کوردستان و لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمەڵگای پێشابوور و ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی پێشوازیی لێکرا.
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە نوێنەری میری ئێزدیان و نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان و بەشێک لە کەسوکارەکەی بۆ پێشوازی لە رافیدە بگەنە کۆمەڵگای پێشابوور.
 
دایکی رافیدە کە بۆ پێشوازیی کچکەی چووبووە رۆژئاوای کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر دڵخۆشم. ئەمڕۆ رۆژێکی خۆشە و شوکر بۆ خودا کچکەم رزگاری بوو. هیوای ئێمە ئەوەیە هەموو ئەوانەی دیکەش رزگاریان ببێت."
 
بە گوتەی دایکی رافیدە شێوەی رافیدە دوای ئەو ماوە زۆرەی لێی دابڕاوە، "هەر وەکو خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە."
 
دوای هێرشی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014، زیاتر لە شەش هەزار 400 کەس لە شنگال و دەوروبەری کەوتنە دەستی داعش. دواتر لە رێگەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانەوە سێ هەزار و 540 کەسیان رزگار کران.
 
پێشبینی دەکرێت هێشتا نزیکەی 500 کوردی ئێزدی لە کەمپی هۆلدا لەژێر دەستی کەسوکاری داعش لە رۆژئاوای کوردستان مابن.
 
رافیدە نایف عیسا تەمەنی 20 ساڵە، خەڵکی کۆمەڵگەی تەل قەسەبە لە باشووری شنگال و لە ساڵێ 2014وە کەوتووەتە دەست چەکدارانی داعش. 
 
رافیدە چەندین شوێنی پێکراوە لە عێراق و سووریا، دوایین جار لە کەمپی هۆل، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێ کراوە لە رۆژئاوای کوردستان، رزگارکرا. ئێستا کەسوکاری رافیدە لە کەمپی کەبەرتوو نیشتەجێن.

-Rudaw



PM:01:01:27/12/2020




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌