هەندێک لە خۆپێشاندەرانی سلێمانی تائێستا ئازادنەکراون




رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون بۆ خۆپێشاندانەكانی سلێمانی رایگەیاند ‏هێشتا بەشێك لەخۆپێشاندەرەكانی سنووری سلێمانی ئازاد نەکراون، بەڵام ژمارەیان کەمە.
 
شاخەوان رەئووف بەگ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون بۆ ‏خۆپێشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی ‏رووداو)ی راگەیاند هێشتا بەشێك لەو كەسانەی لەسەر خۆپێشاندانەكان ‏گیراون ئازاد نەكراون.
 
شاخەوان رەئووف بەگ، گوتی: "بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە كردووە، ‏بەرپرسانی پۆلیس دەڵێن ئەوانەی ماون ئازاد بكرێن، ژمارەیان لە ‏پەنجەی دەست تێناپەڕێت ‌و سكاڵای كەسیشیان لەسەرە بۆیە ئازاد‏نەكراون".
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون بۆ خۆپێشاندانەكانی سنووری پارێزگای ‏سلێمانی ئەوەی نەشاردەوە كە هیچ كەسێك لەسەر تەقەكردن دەستگیر ‏نەكراوە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە‌و گوتی "لەدوای ‏خۆپێشاندانەكان لە پەرلەمان سێ‌ لیژنەی بەدواداچوون بۆ ‏ خۆپێشاندانەكانی سلێمانی ‌و هەڵەبجە‌و گەرمیان ‌و راپەڕین دروستكرا ‏دوای پشووەكانی سەری ساڵ هەر سێ‌ لیژنەكە راپۆرتی كۆتایی خۆیان ‏ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین".‏
 
لەسەرەتای ئەم مانگەدا، خۆپێشاندان لە سنووری ‏پارێزگاكانی سلێمانی ‌و هەڵەبجە ‌و ئیدارەكانی گەرمیان ‌و راپەڕین کرا، لەو خۆپێشاندانانە 10 کەس لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا ‌و 70 كەسیش بریندار بوون، نزیكەی 300 خۆپێشاندەریش دەستگیركران. ‏هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە بارەگای حیزبی و فەرمانگەی حکومی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندران.

-rudaw



PM:04:34:30/12/2020




ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌