رۆژنامەنووسانی بێسنور: لەمساڵدا ٥٠ رۆژنامەنووس کوژراون




رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور لە راپۆرتی ساڵانەیدا بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٥٠ رۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیانەوە کوژراون و عێراقیش لە پلەی دووەمدایە بە کوژرانی شەش رۆژنامەنووس لە وڵاتەکەیدا.

رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، ٦٨٪‏ی ئەو رۆژانامەنووسانەی کوژراون، لەو وڵاتانەدابوون، کە تێیدا سەقامگیریی هەیە، لەکاتێکدا تەنها ٣٢٪‏ی ٥٠ رۆژنامەنووسە کوژراوەکان لە ناوچەی جەنگ و ململانێدا کوژراون، وەک سوریا، عێراق، یەمەن و ئەفغانستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، مەکسیك زۆرترین کوژراوی تێدایە بە هەشت رۆژنامەنووس و دوای ئەویش هیندستان دێت بە چوار حاڵەتی کوشتن و فلیپین و هندۆراسیش سێ رۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە، کە ئەمانە ئەو وڵاتانەن سەقامگیریان تێدا هەیە.

لە بەراوردی گشتیشدا، عێراق دوای مەکسیك دێت بە کوژرانی چوار رۆژنامەنووس لە نیوەی دووەمی ٢٠٢٠دا و شەش رۆژنامەنووسیش لە تەواوی ساڵەکەدا.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، حاڵەتی کوشتنەکان بەهۆی راپۆرتکردن لەسەر گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی، چالاکی تاوانی رێکخراو یان خۆپیشاندانەوە روویانداوە.

-nrttv


PM:04:37:30/12/2020




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌