K24 - هه‌ولێر:
جه‌میله مه‌هدی كاكه‌یی، له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، وه‌كو یه‌كێك له ئافره‌ته داهێنه‌ره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵبژێردرا و ئێستاش له رێكخراوه‌كه به‌رپرسی دۆسیه‌ی مافه‌كانی مرۆڤه تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان.
جه‌میله ئافره‌تێكی كوردی كاكه‌ییه، له كامپه‌كانی په‌نابه‌ران له ئێران له‌دایكبووه، به‌هۆی گوشاری كۆمه‌ڵایه‌تی، له ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا شووی كردووه، به‌ڵام دواتر كۆڵینه‌داوه و سوور بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی پێبگه‌یه‌نێت و بخوێنێت.
جه‌میله له گفتوگۆیه‌كدا بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باس له‌وه ده‌كات، كه سه‌ره‌تای ژیانی هاوسه‌رگیری له گوند ژیانێكی سه‌ختیان هه‌بووه و زۆر ماندووبوونه، بۆیه بیری له گۆڕینی ژیانی خۆیان كردووه‌ته‌وه و باشترین بژارده‌ش، گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ خوێندن.
بۆیه جه‌میله چووه‌ته به‌ر خوێندن و دواتریش ده‌ستیكردووه به چالاكی بۆ پارێزگاریكردن له مافی مرۆڤ به گشتی و مافی ئافره‌تان به‌تایبه‌تی، ئێستاش له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وه‌كو به‌رپرسی دۆسیه‌ی مافی مرۆڤ تایبه‌ت به هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات.