کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران رادەگەیێنێت




رووداو دیجیتاڵ 

ئۆفیسی دهۆک و هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە 6-6-2021 ئەنجام بدرێت، لە چوارچێوەی 5 پرۆسەدا دەست بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەکەن.
 
خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ پرۆسەیەکی گرنگ لە سەرانسەری هەر 41 بنکەی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەویش پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەترییە". 
 
ئەو پرۆسەیە هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2020، کۆمیسیۆن پێویستە هەستێت بە دروستکردن و چاپکردن و دابەشکردنی تۆماری دەنگدەران بەسەر هەموو بنکەکان بۆ ئەوەی دەنگدەران لە هەبوونی ناوەکانیان لەو تۆمارە دڵنیاببنەوە.
 
بە گوتەی خالید عەباس پێشتر هەر کەسێک کە تەمەنی دەگەیشتە 18 ساڵ ئۆتۆماتیکی کۆمیسیۆن کارتی بایۆمەتری بۆ چاپ دەکرد، "بەڵام ئێستا ئەمە نەماوە پێویستە ئەوانەی لەدایکبووی ساڵەکانی 2001، 2002 و 2003ن سەدانی بنەکان بکەن و لەو ماوەیە خۆیان تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان نابێت".
 
بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت، پرۆسەکانی نوێکردنەوەی بایۆمەتری خۆی دەبینێتەوە لە " تۆماری بایۆمەتری بۆ ئەو دەنگدەرانەی تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، پرۆسەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری، گواستنەوە لە بنکەیەوە بۆ بنکەیەکی دیکە لە هەمان بازنە، راستکردنەوەی ناو، رەشکردنەوەی ناوی ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە، لەگەڵ زیادکردنی ناوی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە".
 
هاوکات نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستپێکردنی هەمان پرۆسەی راگەیاند و عەبدولڕەزاق مشیر گۆران، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە دەستمان بە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کردووە لە 53 بنکە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 03:00 بنکەکان کراوە دەبن".
 
بە گوتەی عەبدولڕەزاق مشیر، 37 تیمی گەڕۆک لە سنووری پارێزگای هەولێر پێکهێنراوە بۆ ئاوارەکان و 45 تیمی دیکەشیان دروستکردووە بۆ هاونیشتمانیان بەشێوەیەکی گشتی.
 
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیدەگەیێنێت، بنکەکانیان بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە "2ـی 1 تاوەکو 2-2-2021 کراوە دەبێت".


PM:12:39:02/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌