دادگەی فیدراڵی کۆسپێکی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە
PM:12:41:02/01/2021

رووداو دیجیتاڵ 

عێراق بڕیاریداوە لە حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، هەرچەندە گومان هەیە لەو وادەیەدا پرۆسەکە ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، بەڵام کۆسپێکی دیکەش لەبەردەم هەڵبژاردن دادگەی باڵای فیدراڵییە کە ئێستا بەهۆی ئەوەی ئەندامێکی خانەنشین بووە و ئەندامێکی گیانی لەدەستداوە، رێژەی یاسایی نییە بۆئەوەی کۆببێتەوە، بەبێ دادگەی فیدراڵیش ئەنجامی هەڵبژاردن لە عێراق پەسند ناکرێت.
 
زیاتر لە ساڵێکە پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە دادگەی فیدراڵی لە پەرلەمانە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کراوە، بەڵام هەندێک ناکۆکی جیددی لەسەرە. 
 
محەممەد شاکر، پەرلەمانتاری عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، سەبارەت بە ئەندامانی دادگەی فیدراڵی لە دادگەی فیدراڵیدا هاتووە کە دەبێت لە دادوەر و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی پێکبێت و "لەسەر ژمارەی ئەندامانی شارەزای فیقهی ئیسلامی کێشە هەیە". 
 
لە لایەن خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکە دەکاتەوە. 
 
مستەفا کازمی دەڵێت، کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکراوە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمان بابەتی دادگەی فیدراڵ یەکلابکەنەوە بۆئەوەی پێداویستییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە تەواوەتی دابینبکرێن. 
 
یاسای ئێستای دادگەی فیدراڵی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005ـە، بەڵام ئاراستەیەکی جیددی هەیە بەوەی کە یاسایەکی نوێ بە گوێرەی دەستوور دەنگی لەسەر بدرێت. 
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق:
 
- لە ساڵی 2005 پێکهێندراوە 
 
- باڵاترین دادگەیە لە عێراق 
 
- سەرۆکێک و 9 ئەندامی هەیە 
 
- دەسەڵاتی لێکدانەوەی ماددە دەستوورییەکانی هەیە 
 
- دەسەڵاتی رەتکردنەوەی بڕیارەکانی پەرلەمانی هەیە 
 
- بڕیارەکانی تێهەڵچوونەوەیان بۆ ناکرێت 
 
- سێ لە ئەندامانی دادگەکە شیعەن، دوو لە ئەندامەکانی سوننەن، دووانی دیکەیان کوردن، یەک لە ئەندامەکانی تورکمانە و ئەوی دیکەشیان کریستیانە. 
 
- دادگەکە دوو ئەندامی فیقهیی شەرعی هەیە، بەڵام ئەو دوو ئەندامە تەنیا راوێژکارن و مافی بڕیاردان و ڤیتۆکردنی بڕیارەکانیان نییە.