ئەمریكایەكی تر!




رانەهاتووین ببینین ئەمریكا، وەك زلهێزی یەكەمی جیهان چەن سەد خۆپیشاندەرێك یەكێك لە گرنگترین دامەزراوە نیشتمانیەكانی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ بكەن و كێشە لە سیستمی بەرێوەبردنی وڵاتەكە بەدیبكەین.

ئەمریكایەك كە بانگەشەی دیموكراسی دەكات و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار لە پەرەپێدانی دیموكراسی لە وڵاتانی تازەگەشەكردوو خەرج بكات و رژێمی وەك تالیبان و بەعس بەهۆكاری نەبوونی دیموكراسی و مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی بروخێنێ‌، كەچی ببینین تەقە لە خۆپیشاندەر بكرێ‌ و كوژراو و بریندار هەبێت و پەیامنێری كەناڵێكی گرنگی وەك (cnn) لە رووماڵی ڕاستەخۆ كەلەبچە بكرێ‌ و هێزی سەربازی بڵاوپێ بكرێ‌ لە كوچە و كۆڵانەكاندا.

ئەمانە یان هەر هەبوون و ئێمەومانان نەمان بینیوەو دركمان پێ نەكردووە، یاخود نەخێر رووداوی تازەن و ئاماژەن بۆ ئەمریكایەكی نوێ‌، كە ڕەنگە سەرەتای وەرچەرخانێك بن لەو وڵاتەدا.

لە ئەمریكا سیستم و دەوڵەت لە هەموو كەس و حزب و هەر بەرژەوەندییەكی تایبەتی تر گرنگترە، تینی ئاگر بگاتە نزیك بەرژەوەندی و شكۆی دەوڵەت، هەموو رێكاریەك دەگرنەبەر، بەوانەشەوە لای ئێمەومانان نامۆیە. بەنمونە، كە ترامپ مەترسی دروستكرد لەسەر ئەمریكا، هەتا جێگرەكەی و بەشی زۆری نوێنەرانی پارتەكەی لە كۆنگریس دژی وەستانەوە. نەیانهێشت ڕۆژێ‌ تێپەرێ كۆنگریسیان پاك كردەوەو رێكیانخستەوەو دانیشتنەكانیان دەست پێكردەوە.

ئەوەی ترامپ كرد جگە لەسەرەرۆی و سەرشێتی هیچی تر نەبوو. بەم كارەی زیانی گەورەی لەخۆی و ئەمریكایش دا. لەرووداوی لەمجۆرە دوو جۆری ئاكام هەن. یەكێكیان لەگەڵ روودانی رووداوەكەدا ئاكامی نەرێنی دەكەوێتەوەو ئاكامی دووەمیان دوای رووداوەكەیە.

چاوەروان دەكرا ترامپ پەلاماری ئێران بدات، بەڵام پەلاماری بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای لەناوخۆی وڵاتەكە دا. ئەمریكای سەرقاڵكرد بە ناوخۆی خۆیەوە، شكۆی دامەزراوە و سیستمی نیشتمانی وڵاتەكەیشی خستە مەترسیەوە. زیانی گەورەی لەخۆی دا، بەشی هەرەزۆری هەڤاڵەكانی لە پارتی كۆمارییەكان بوون بەدژی و بەتەنیا مایەوە. زیانی لە پارتەكەیشی دا و پەرتی كرد. پێگەی دیموكراتەكانی بەهێزكرد و زەمینەی بۆ بایدن خۆشكرد بە بەهێزیەكی ترەوە حوكمڕانی بەرێوەببات.

رووداوەكانی ئەمریكا و هەڵسوكەوتی ترامپ، سەلماندنی پۆپۆلیزم لەهەموو كون و كەلەبەرێكی دنیا، كە سەرهەڵدەدات و جڵەوەی دەستەڵات دەگرێتە دەست، كۆمەڵێ‌ خەسڵەت و سیمای هاوبەشیان هەیە، كە لەهەر ساتێكدا وڵات دەخاتە مەترسی گەورەوە.

-knwe



PM:02:30:07/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌