ژیان لە فەرهەنگدا: مەتین حەمە ڕەحیم




ئێمە هەموومان دەتوانین وێنە بگرین بە فۆتۆگراف و دیمەنی ڤیدیۆییشەوە، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئایا هەموومان دەتوانین وێنە و دیمەنی ناوازە بەرهەم بێنین و ناوی لێبنێین کارێکی هونەری.

هونەری وێنەگرتن وەک هەموو هونەرەکانی تر، یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیی هەن، هەر تەنها ئەوە نییە دیمەنێکی جوان و ناوازە بینرا، ئیتر وێنەی بگیرێت و بگوترێت وێنەیەکی هونەریانەی جوانە، بەڵکو دەکرێت بگوترێت هەر جۆرێک لە وێنەگرتن تایبەتمەندێتی خۆیی هەیە؛ بۆ نمونە گەر بویسترێت وێنەیەک لە بەرزاییەوە بگیرێت، یان وێنەی باڵەخانەیەک، یان وێنەیەکی گشتی و ئاشکرا، یان ئەو وێنانەی پێیان دەگوترێت بەڵگەیی، یان وێنەگەرتنی کەسایەتییەکان، وێنەگرتنی سروشت، وێنەگرتن لە سەودا یان لە ڕۆژدا، وێنەی ڕۆژنامەوانی، وێنە و دیمەنە هونەرییەکان و ..هتد، ئەمانە هەر یەکەیان تایبەتمەندێتی خۆیانیان هەیە وهەروەها کاتی تایبەتیش هەیە بۆیان تا بکرێنە ئەو جۆرە وێنانە یان دیمەنانەی بینەری خۆیان سەرسوڕماو دەکەن.

هونەرمەندانی ئەم بوارە، کارەکانیان دەبەنە ئەودیووی سنوری ڕوناکایی و ڕۆشناییەکانەوە و لەوێوە بە وێنە و دیمەنەکانیان دەست دەکەن بە نوسینەوەی مێژوو بە وێنە، ئالێرەوە سەفەری وێنەگر دەستپێدەکات بەناو هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا و مەرجیش نییە هەر تەنها وێنەی کوێرەوەری و مەینەتییەکان تۆمار بکەن، دەشخوازن لە خۆشگوزەرانی و جوانییەکانیشەوە پێمان بڵێن، بەڵێ پێویستە هەموو مرۆڤەکان ئاوەها بژین.

ئەم هونەرە بەردەوام پێویستی بە خۆ نۆژەنکردنەوەیە تا هونەرمەند بتوانێت زانیاریە تازەکانی پێویستن بۆ ئەم هونەرە باڵایە بەدەست بێنێت، ئەم خۆ نۆژەنکردنەوەیەش بەبێ هیچ گومانێک پێویستی بە ئاوڕدانەوەشە لە دوێنێی هونەری وێنەگرتن، تا هەر هیچ نەبێت دابڕانێک لە نێوان نەوەی دوێنێی وێنەگرتن و نەوەی ئەمڕۆدا دروست نەبێت و ئەو ئەزموونانەی بە پێشەنگ ناودێر دەکرێن، سودیان لێببینرێت.

دەشێت کەمی سەرچاوە بۆ خوێندنەوە و قاڵبوونەوەی زیاتر لەم هونەرەدا گرفتێک بێت بۆ هونەرمەندانی وێنەگر لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە هەمان شێوەش کەمی ڕاهێنان و کەمی بەرنامەڕێژی، لەوانەیە بەشی خۆی کاریگەری نەرێنی هەبێت.

لە ئێستادا تەکنەلۆژیا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لەم هونەرەدا، بەڵام ئایا تەکنەلۆژیا دەبێتە هەموو شتێکی ئەم هونەرە؟

ئەڵبەت وەڵام بۆ ئەم پرسیارە زۆرن، وەلێ هاوڕاییەکیش هەیە لەسەر ئەوەی مەرج نییە خاوەندارێتی کامێرایەکی نوێی پێشکەوتوو، یان بەکارهێنانی بەرنامە کۆمپیوتەرییەکان وەها بکەن، کەسی وێنەگر بکەنە هونەرمەندێکی داهێنەر، وەک دەڵێن، هەبوونی بیرۆکەکان و زانیارییەکان لەسەر هونەری وێنەگرتن زۆر گرنگن، بە بەڵگەی ئەوەی زۆر کاری هونەریی گەورە و نایابیش بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە کۆنەکانەوە بەرهەم هاتوون و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بایەخی هونەرییانەی خۆیان لەدەست نەداوە.

میوانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، هونەرمەندێکی وێنەگرە و چنگ لە ڕووناکی و سێبەر گیر دەکات، کات دەدات بە خۆی بۆ وێنە و دیمەنێکی ناوازە، وەک خۆی دەڵێت "ماندووبوون نازانێت، پێی ئاشنا نییە و ئەوەی بە لایەوە گرنگە تەواوکردنی کارەکەیەتی."
لەم ماوەیەی ڕابردوودا، چیا فایەق، هاوڕێی دێرین و خۆشەویستم، باسی "مەتین حەمە ڕەحیم" ی بۆ کردم. منیش سەیری لاپەڕەکەیم کرد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، بەڵام چیم بینی! ژمارەیەک وێنە و دیمەنی ڤیدیۆیی کە هەر یەکەیان بۆ خۆیان شایستەی نوسینێکی تێر و تەسەلی هونەرین.

مەتین، ناکرێت هەر تەنها وەک وێنەگرێکی ئاسایی سەیر بکرێت، یان قسەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە تەواوی کارە هونەرییەکانی پێمان دەڵێن چۆن ئەم هونەرمەندە، کات و شوێن و گۆشە و تاریکی و ڕوناکی و سێبەر دەدۆزێتەوە لەبەر ئەوە نا گەر تەنها وێنەیان بگرێت، بەڵکو تا وێنەکانی ببنە بەشێک لەو پەڕاوەی بە وێنە دەنوسرێتەوە نەک بە وشە.

مەتین حەمە ڕەحیم، لەوەتای دەستیداوەتە کامێراکانی، بەردەوام بە شوێن زانیاریەکانیشەوەیە و بە شوێن سەرچاوە نوێیەکاندا گەڕاوە، ئەمە بێ لەوەی وێنەکانی وەها دەکەن بچینە قوڵاییەکانیەوە و ڕەهەندەکانی لێکبدەینەوە و بۆیشمان دەسەلمێنێت کە وێنە و دیمەنەکان دەبنە ئامڕازێکی سەرەکی لە نێوان وێنەگر و وەرگردا.

مەتین و وێنەگرتن و ڤیدیۆگرافەری، پێکەوە بریتین لە ئاوێزان بوونێک و تێکەڵبوونێکی ڕۆحیانە بۆ تۆمارکردنی سات و دیمەنە جوان و ناوازەکان.

-dengiamerika


AM:10:30:11/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌