چارەنوسی هەواڵسازی رۆژنیوز ئاشكرا بكەن



چارەنوسی هەواڵسازی رۆژنیوز ئاشكرا بكەن

هەولێر، 29ی تشرینی یەكەمی 2023:  سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، چارەنووسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز ئاشكرا بكەن، بە پێی لێدوانی خانەوادەكەی لەكاتی گەڕانەوەی لە سوریاوە بۆ هەرێمی كوردستان لە دەروازەی فیشخابور پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.

(سلێمان ئەحمەد) لە یەكی تشرینی یەكەمی 2023، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی باوكی، بەرێكاری یاسایی سەردانی خانەوادەكەی لە حەلەب كردوە، هەر بەو رێكارە كە لە هەرێمی كوردستان بۆی كراوە لە 25ی تشرینی دووهەم 2023 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئیتر خانەوادەكەی پەیوەندییان لەگەڵیدا دەپچڕێت.

سەنتەری میترۆ پەیوەندی بەدایكی سلێمان ( سوڵتانە ئەحمەد) كرد، لە بارەی ئەم كەیسەوە، ووتی " كوڕی من لەماڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی كاری بەڵام لە فیشخابور مۆبایلی داخراوە" وتیشی " پێنج ساڵە لە هەرێم بێ كێشە كاردەكات، داوا دەكەین چارەنوسی بزانین " 

سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، چارەنووسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز ئاشكرا بكەن و رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بگەڕێتەوە شوێنی كارەكەی. 

سەنتەری میترۆ راوێژكاری یاسایی خۆی راسپارد بۆ بەدواداچوونی كەیسی  (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، لەگەڵ هەر پێشكەوتنێك لە كەیسەكەدا رای گشتی ئاگادار دەكەینەوە.

(ڕۆژنیوز) كە سەر بەكۆمپانیای كۆمپانیای چەتر‌-ە بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، لە ساڵی 2014 دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمییان لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان تۆماركراون، بابەتەكانی بە زمانەكانی كوردی (سۆرانی و كورمانجی) و عەرەبی بڵاودەكاتەوە.


PM:12:46:29/10/2023




ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌