ژینگەی کرماشان: تاڵاوی هەشێڵان ژیاوەتەوە



بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاند، باران بارینی چەند رۆژی رابردوو بووەتە هۆی ژیانەوەی تاڵاو (پەنگاو)ی هەشێڵان و چیدیکە پێویست ناکات بە تانکەر ئاوی بۆ بگوازنەوە.
 
محەممەد حوسێن فەلاحەتی، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی کرماشان رۆژی 04-11-2023 رایگەیاند، تاڵاوی هەشێڵان مەترسیی وشکبوونی لەسەر نەماوە و سەرچاوەکانی ئاوی ئەو تاڵاوە بەهۆی بارانی ئەمدواییە ژیاونەتەوە.
 
بە گوتەی محەممەد حوسێن فەلاحەتی، لەبەر ئەوەی هاوینی ئەمساڵ سەرچاوەکانی تاڵاوی هەشێڵان وشک ببوون، ژیانی زیندەوەرانی تاڵاوەکە کەوتبووە مەترسییەوە، بۆیە لە رێگەی تانکەرەوە ئاوی بۆ دەبرا، بۆئەوەی ژیانی زیندەوەرەکانی بپارێزرێت.
 
بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی کرماشان گوتوویەتی، هەندێک لە سەراوەکانی کرماشانیش کە لە وەرزی هاویندا وشک ببوون، بەهۆی بارانی چەند رۆژی رابردووەوە دیسان ژیاونەتەوە، هەرچەندە دۆخیان لە ئاستێکی زۆرباشدا نییە، بەڵام مەترسی وشکبوونی یەکجاریی لە سەریان نەماوە، بۆ نموونە سەراوی نیلوفەر.
 
تاڵاو یان پەنگاوی هەشێڵان 450 هێکتارە و 110 دوورگەی گەورە و بچووکی تێدایە و ئیکۆسیستەمێکی گرنگی زیندەوەر و گیژوگیایە. 
 
سورەیا قوربانی، یەکێک لە بەرپرسانی پاراستنی ژینگەی کرماشان، رۆژی 17.05.2023 هۆکارەکانی وشکبوونی هەشێڵانی گەڕاندەوە بۆ نەبارینی بەفر، کە بەم هۆیەوە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی پڕنەبوونەتەوە، لەلایەکی دیکەش هەڵکەندنی ژمارەیەکی زۆری بیری ئاو بۆ کشتوکاڵ.
 
بەگوتەی کولانی، بەرپرسی ناوچەی قەدەخەکراوی راوی تاڵاوی هەشێڵان "ئەم تاڵاوە بۆ ئاوی ژێرزەوی رۆڵی گرنگیی هەیە، پلەکانی گەرمای ناوچە هاوسەنگ دەکات، هەروەها بۆ گەشتیارانیش شوێنێکی گونجاوە."
 
محەممەد حوسێن فەلاحەتی، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگە کرماشان، دەڵێ: پەنگاوی هەشێڵان ناوەندێکی گرنگی باڵندە کۆچەرییەکانە، کە لە وەرزی سەرمادا لێی دەنیشنەوە.
 











سەرچاوە/ ڕووداو



PM:12:33:05/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌