كۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید تاوانەكانی دژبە كورد لە عێراق بە جینۆساید دەناسێنێت



كۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تاوانەكانی دژبە كوردی لە عێراق بە جینۆساید ناساند.

ئاوێنە: كۆمه‌ڵه‌ی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید ـ IAGS،  بڕیارنامه‌ی بە جینۆسایدناساندنی، كۆمه‌ڵكوژی و ڕاوه‌دونانی دژ به‌ گه‌لی كوردی له‌ عێراق بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرد.

لە كۆی گشتی 294 دەنگ، بە دەنگی بەڵێی 286 ده‌نگ بڕیارنامه‌كه‌ په‌سه‌ند كراوەو، چوار ده‌نگ ڕه‌تیانكردۆه‌وه‌ و چوار ده‌نگیش بێلایه‌نیان هه‌ڵبژاردوه.

به‌پێی بڕیارنامه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زانایانی جینۆساید، ته‌واوی تاوانه‌كانی ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كورد له‌ نێوان 1970 بۆ 2003 لەوانە ئەنفال و كیمیاباران، وه‌ك تاوانی جینۆساید ناسێنراون‌، هاوكات تاوانه‌كانی داعش له‌ نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 دژ به‌ ئێزیدییەكان و مەسیحییەكان به‌ جینۆساید و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ناساندوه‌.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەسەندكردنی بڕیارنامەكەوە، لە راگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، وتویەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید پەسندکردنی پڕۆژەی داننان بە جینۆسایدی کورد ڕادەگەیەنێت، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر KG LOBBY CENTER  پڕۆژەی بڕیارنامەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردی لە عێراقدا پێشکەش بە رێکخراوی IAGS کرد.

بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان راشیگەیاندوە، ڕێکخراوەکە لە کۆنفڕانسی مانگی تەمموزی رابردو بە ئامادەبونی تیمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پڕۆژە بڕیارەکەی خستیە کارنامەی خۆی و دواتر خرایە پڕۆسەی دەنگدان و ئەمڕۆ دوای بە دەستهێنانی دەنگی ئەندامانی ڕێکخراوەکە پەسند کرا.

بە پێی بڕیارنامەکە، ئەو رێكخراوە، تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی روخاو و تیرۆریستانی داعش دژی گەلی کورد ئەنجام دراون، بە جینۆساید ناساند.

ڕێکخراوی IAGS ئەو زانا و ئەکادیمیست و توێژەرانە لە خۆ دەگرێت کە لە بواری تاوانەکانی جینۆساید لە سەرتاسەری جیهاندا پسپۆڕن و لە ئەو بوارەدا كاردەكەن.






















سەرچاوە/ ئاوێنە



PM:12:43:06/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌