بێڕێزی بەرامبەر كاری میدیاكاران رەتدەكەینەوە



بێڕێزی بەرامبەر كاری میدیاكاران رەتدەكەینەوە

میترۆ،6ی تشرینی دووەم 2023، سلێمانی: پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێشوازیمانكرد لە تیمی مۆجۆ كورد (شەونم مەحمود، ئەحمەد نەجمەدین) كە وەك  پەیامنێرو وێنەگر، لەبەردەم زانكۆی سلێمانی  روماڵی گردبونەوەیەكیان كردو كەسێك بێڕێزی بە كاری پەیامنێرەكەیان كرد.

لە دیدارەكەدا باس لە گرفتەكانی بەردەم كاری پەیامنێران كرا لە كاتی گواستنەوەی هەواڵ و بە تایبەتیش ئاستەنگەكانی بەردەم خانمانی میدیاكار.
شەونم مەحمود پەیامنێری مۆجۆ كورد باسی چیرۆكی روماڵكردنەكەی لەبەردەم دەروازەی زانكۆی سلێمانی كرد، سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكی راستەوخۆبوون، لەبارەی گردبوونەوەی (فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆ)  بۆ مۆجۆ كورد،مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی لەبری  وەڵامدانەوەی پرسیارەكەی، پێی ووتوە "هاتووی خۆت دەرخەیت، خۆت جوانكردوە، ئەم ناوە ئەگەڕێیت یەكێ بتبینێ شوو بكەیت بۆ خۆت"

بە پێی زانیارییەكانی (مۆجۆكورد) مامۆستاكە لە بەشی ئینگلیزی زانكۆی سلێمانییە.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی  پرسیار و وەڵامی نێوان پەیامنێرەكەو ئەو مامۆستایە مشتومڕێكی رەخنەگرانەی زۆری دروستكرد، بە تایبەتیش  رەخنە لە شێوازی وەڵامدانەوەكە بەرامبەر خانمێكی میدیاكار.

سەنتەری میترۆ ئەو جۆرە لە ئاخاوتن لە مامۆستایەكی زانكۆوە بەرامبەر پەیامنێرێك كە بۆ روماڵكردنی چالاكییەكەیان راپۆرتی ئامادەكردوە  بە تەواوی رەتدەكاتەوە و ناشێ مامۆستای زانكۆ بەو شێوەیە وەڵامی خانمە میدیاكارێك بداتەوە.

میترۆ داوا لە وەزیری خوێندنی باڵاو سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دەكات، ئەگەر ئەو كەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا بیڕێزی بە پەیامنێرەكە  كردووە، سەر بە دامەزراوەكانیان بێت  وەك مۆجۆكورد پشتڕاستیان كردۆتەوە، پێویستە بە وردی تەماشای ڤیدۆكە بكەن و چی بە پێویست دەزانن بیگرنەبەرو داوای لێبوردنیش لەو خانمە میدیاكارە بكەن.

مۆجۆ كورد میدیاییەكی دیجیتاڵییە،  لەرێگەی مۆبایلەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی رۆژنامەوانی بڵاودەكەنەوە، كۆمەڵێك گەنج دایانمەزراندوە، سەرنوسەری مۆجۆكورد د.رەزوان زەڵمی ، ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسان و مامۆستای زانكۆیە.


AM:09:47:07/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌