لە قوتابخانەیەکی بەرلین فێرخوازان فێری زمانی کوردی و میوزیک دەکرێن



 
زنار شینۆ چووەتە بەرلین و لەوێ قوتابخانەیەکی زۆر ناوازەی کوردیی بۆ دیاسپۆرا بەسەرکردووەتەوە، قوتابخانەیەک هەر زمانی کوردی نا، بەڵکو تێیدا میوزیک و مێژوو و ئەدەبی کوردیش گوێ و چاوەکانت پڕدەکات.
 
قوتابخانەی ئادارە لە بەرلین، یەکشەممەییەکی کۆتایی وەرزی هاوینە لە پایتەختی ئەڵمانیا جوان تەنگەزار، دەرگای ئادار شولە، واتە قوتابخانەی ئادار دەکاتەوە.
 
جوان تەنگەزار، هونەرمەندی میوزیسیەن و خاوەنی قوتابخانەی ئادار لە بەرلین دەڵێت، "ئادار شولە ماوەی چوار ساڵ بە ئۆنلاین کاری دەکرد، هەشت ساڵ بوو لە شوێنێکی ئاوا دەگەڕام، پێش چوار ساڵ ئێرەم دۆزییەوە، خۆت دەزانی لە بەرلین دۆزینەوەی شوێنێکی ئاوا بۆ خوێندن تەنانەت بۆ کاریش زەحمەتە و هەروەها کرێش زۆر بەرز و گرانە، ماوەی چوار ساڵە ئێمە لێرەین".
 
خورشید حەجی سینان، فێرخوازی میوزیک باس لەوە دەکات، "ئێستا من بۆ خولی فێربوونی ئامێری ساز لێرەم، کۆرسێکی زۆر پرۆفیشناڵە، لە هەموو رووەکان، زۆر بە سەرەتایی فێردەکرێین، وەک ئەوەی کەسێک هەرگیز سازی نەژەنیبێت و بیەوێت فێری ببێت، دەتوانێت لەلایەن مامۆستا جوان لە ئادەر شولەوە لە سەرەتاوە بە باشی فێرببێت".
 
جوان، مرۆڤێکی پڕ بەرهەم و توانایە، ئەو گۆرانیبێژە، میوزیسیەنە، شانۆکار و نووسەر، هەموو کار و شەیدا و دڵدارییەکەی بۆ  زمانی کوردییە، بۆیە ئەرکی زمانی کوردی بە زاراوە جیاوازەکان بۆ ئەو لە سەرووی لیستی کارەکانی قوتابخانەی ئادارە.
 
جوان تەنگەزار دەشڵێت، "کاری سەرەکی ئێمە زمانی کوردییە، سۆرانی، کورمانجی و زازاکی، دەمەوێ شێوەزاری کەلهووریش بەکاربێنین، بەڵام تاوەکو ئێستا کەسمان دەست نەکەوتووە، هاوڕێیەکم پێی گوتم کەسێک هەیە لە ئەمریکا دەتوانێت بە شێوەزاری کەلهووری وانە بڵێتەوە". 
 
مامۆستای کورمانجی ژووروو یان سۆرانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە 2019ـەوە وانە دەڵێتەوە، هەر کۆرسێکیان ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت و هەر جارەش لە سەرووی 20 فێرخواز زیاتر بەشداری تێدا دەکەن.
 
وەفا بداخ، مامۆستای زمانی کوردی لە قوتابخانەی ئادار لە بەرلین روونیکردەوە، "هەر کۆرسێک ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت، جاری وابووە، 20 قوتابی، جاری وا 25 قوتابی هەندێک جاریش 40 قوتابی بووە، بەگوێرەی جارە، میتۆدەکەش ئەوەیە بەڕاستی خوێندکار بە خۆی فێری کوردی ببێت، چونکە من تەنیا کاژێرێک یان کاژێر و نیوێک لەگەڵی کاردەکەم، ئەویش ناتوانێت لەو ماوە کەمەدا فێری زمانی کوردی بێت، دەبێت میتۆدێکی پێبدرێت ئەو لە دەرەوە و لە ماڵی خۆیدا بەخۆی ببێتە مامۆستای خۆی".
 
ئەوەی جێگەی پرسیارە؛ ئەوانە کێن کە دەیانەوێت فێری کوردی ببن؟ جوان تەنگەزار وەڵامدەداتەوە و دەڵێت، "زۆربەی ئەوانەی بەشداری لە کۆرسی زمانی کوردی دەکەن کورد نین، بەڵکو ئەوروپین، لەوانە ئەڵمان و سویسری و ئیتاڵین، هۆکاری سەرەکی بۆ فیربوونیان ئەڤیندارییە، ئەوانەن کە خۆشەویستەکانیان کوردن".
 
"بەڵێ، کوردیش هەن کە دەگەڕێن بەشوێن کەسێکدا فێری کوردییان بکات"
 
بێناڤ مستەفا، فێرخواز و هاوکاری قوتابخانەی ئادار لە بەرلین دەڵێت، "هەمیشە پرسیارم لە خۆم دەکرد، بۆچی من زمانەکانی ئەڵمانی، ئینگلیزی، ئیسپانی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانم بۆچی کوردی نازانم، دواتر من و هاوڕێیەکم بە دوای مامۆستایەک دەگەڕاین، سەرەتا ئێمە دەستمان کرد بە خولی فێربوونی ئامێری ساز لەلایەن مامۆستا جوانەوە، بەڕاستی زۆر سەرسام بووم بە کوردییەکەی، منیش لەگەڵ ئەودا هەوڵی فێربوونی تەواوی زمانی کوردیم دا".  
 
جوان، گلەیی لە زمانی ئەو گۆرانیبێژانە دەکات کە گۆرانی بۆ منداڵان دەڵێن، "بۆ سێ منداڵی خۆمان ناچاربووین خۆمان گۆرانیان بۆ بنووسین، لە دوای ئەلبوومێک کە 12 گۆرانی بۆ منداڵان لە خۆ گرتبوو، ئێستا ئەلبوومێکی دیکەمان ئامادەکردووە و چاوەڕێی سپۆنسەرێک دەکەین بۆ ئەوەی بڵاوبکەینەوە".
 
جوان هەروەها دەڵێت، "ئێستا ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی دووەم دەکەم، من داوای سپۆنسەر دەکەم، بۆ نموونە رووداو ئەگەر پارەتان هەیە سپۆنسەریم بکەن بۆ ئەوەی ئەلبوومی دووەمی خۆم بڵاوبکەمەوە، ئەگەر دەتانەوێ هاوکارییم بکەن، زۆر گۆرانی کوردی هەن، با بیانکەین بە کلیپ بۆ منداڵەکانمان بۆ ئەوەی بە کوردی گەورە ببن، هەمووشی بۆ خوردکردنی خەیاڵی منداڵانن، ئێمە باسی مردن ناکەین، ئێمە باسی دواڕۆژ و دڵداری و ژیان دەکەین".
 
ساڵح کەڤڕبڕی، رۆژنامەڤان و نووسەرە، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەزموونی دەستنیشانکردنی ئاستی زمانی کوردی لە قوتابخانەی ئادار جێبەجێکردووە، ئەو دوای ئەوەی داوای لە ناوەندێکی ناسراوی ئەڵمانیا دەکات بۆ ئەوەی هەڵسانگاندن بۆ ئاستی فێربوونی زمانی کوردی لە قوتابخانەکە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام وەڵامی ئەوان بۆ کەڤڕبڕی ئەوەبوو کە بازاڕی کوردی لاوازە و نایکەن، کەڤڕبڕی تووڕە دەبێت و بڕیار دەدات خۆی تاقیکردنەوەکە بکات و کردیشی.
 
جوان تەنگەزار بە تووڕەییەوە باس لە وەڵامی لایەنە پەیوەندیارەکان دەکات، "15 ساڵە ئیمەیل دەنووسم و دەنێرم، دەڵێم بۆچی بۆ کوردی ئەزموون و تاقیکردنەوەی کوردی ناکەن؟ تاوەکو ئێستا "تەلک" تەنیا دووجار وەڵامیان داوینەتەوە، دەڵێن یەکەم ئێوە دەوڵەتتان نییە، بۆیە ئەزموون و تاقیکردنەوەی کوردی ناکەین، دووەمیش بازاڕی کوردی نییە، بۆیە لێکۆڵینەوەم کرد لە زۆربەی زانکۆکانی ئەڵمانیا و کوردستان و پەیوەندیم بە چەندین مامۆستای زمانزان کرد و پێم گوتن، ئایە لای ئێوە شتێک هەیە بە ناوی دەستنیشانکردنی ئاستی زمانی کوردی، زانیم نییە، بۆیە ئەرکەکەم خستە ئەستووی خۆم و گوتم ئەوە کاری منە و دەستمپێکرد".
 
قوتابخانەی ئادار لە بەرلین بۆ سەردانیکەرانی دەرەوەی شارە و تەنانەت بۆ کوردی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بووەتە ناوەندێکی پێکگەیشتن، بەڵام جوان هیواخوازە کە کارکردن بۆ پەرتووک و میوزیک و هونەر و کولتوور وەک جیهانی خۆی دوور لە سیاسەت و ئایدۆلۆژیا بێت.
 

 
































سەرچاوە/ ڕووداو



PM:01:07:12/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌