بەهۆی 'خراپی دۆخی دارایی'ـەوە قوتابییانی رۆژهەڵاتی کوردستان واز لە خوێندن دەهێنن




بەپێی ئاماری حکومەتی ئێران، ئەم ساڵ 556 هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە. بەڕێوەبەری پەروەردەی شنۆ دەڵێت، هۆکاری وازهێنانی قوتابییان بەشێکی پەیوەندی بە خراپی دۆخی دارایی خێزانەکان و نەبوونی قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندی لە بەشێک لە گوندەکانەوە هەیە. 
 
باوکی قوتابییەک لە گوندی کۆڵەسەی سەردەشت باس لەوە دەکات کە قوتابخانەی گوندەکەیان کۆنە و مانەوەی قوتابییان تێیدا مەترسیدارە، بۆیە ئەم ساڵ منداڵەکەی گێڕاوەتەوە و رێگە نادات بچێتە قوتابخانە.
 
بەرپرسانی شنۆ لەگەڵ چەند قوتابییەکی پۆلەکانی دواناوەندی کە ئەم ساڵ کە وازیان لە خوێندن هێنابوو، کۆبوونەوە. بە گوتەی بەرپرسانی پەروەردەی شنۆ، لە چەند رۆژی رابردوودا دوای ئەوەی کێشەکانیان چارسەرکراون، گەڕێنراونەتەوە بۆ قوتابخانەکان.
 
رەئوف بورهانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنۆ باس لە دوو هۆکاری سەرەکی وازهێنانی قوتابیان لە خوێندن دەکات و دەڵێت؛ دۆخی خراپی ئابووری، دوو هۆکاری سەرەکی دواکەوتن و وازهێنانی قوتابیانی شنۆن لە خوێندن و دەڵێت، "ئەمساڵ 25 قوتابی گەڕێندراونەتەوە بۆ قوتابخانە بەڵام هێشتا 90 قوتابی دیکە لە شنۆ ماون کە وازیان لە خوێندن هێناوە."
 
رووداو دیمەنی بەشێک لە قوتابخانەی گوندی کۆڵەسە لە سەردەشت پێشاندەدات کە بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە بەم شێوە بنمیچ و دیوارەکانی درزی بردووە، ئەو قوتابخانەیە شەش پۆلی هەیە و هەموو قوتابییانی گوندەکە لەژێر ئەم بنمیچە درز بردووانەدا دەخوێنن و تاوەکو ئێستا هەوڵ نەدراوە نۆژەنبکرێتەوە. بەشێک لە دایکوباوکەکان بەهۆی نیگەرانییەوە، ئامادەنین لەو دۆخەدا منداڵەکانیان بنێرنەوە بۆ قوتابخانە.
 
هاونیشتمانییەک لە شنۆ لەوبارەیەوە گوتی، "منداڵێکی بچووکم هەیە کە تەمەنی حەوت ساڵە. ئەم ساڵ وازم پێهێناوە لە خوێندن، چونکە قوتابخانەکەیان لەتوکوت بووە، بەردەوام خشتی بنمیچ و دیوارەکان بە سەریاندا دەڕووخێت و دەسەڵاتی ئەوەم نییە ئەگەر خوانەخواستە شتێک بەر سەری منداڵەکەم بکەوێت، چارەسەری بۆ وەربگرم، گوتم ئەم ساڵ نەخوێنێت باشترە."
 
وازهێنانی قوتابییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە خوێندن، بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەت ئەم ساڵ 556 هەزار قوتابی ناوەندی وازیان لە خوێندن هێناوە. ئەو کێشەیە لە بەشێک لە گوندەکان کە پۆلەکانی ناوەندی و دوا ناوەندییان نییە و ناچار دەبن منداڵەکانیان بنێرن بۆ شار و جگە لە تێچووی خوێندن، تێچووی شوێنی مانەوە و هاتووچۆشیان بۆ دابین بکەن.
 
هاونیشتمانییەک لە گوندی تایەنەی کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی، " تا قوتابخانەی سەرەتاییمان هەیە لێرە، چونکە رێژەمان کەمە تاوەکو پۆلی شەشمان هەیە، لە راستیدا ئێمە منداڵەکانمان تاوەکو پۆلی شەش دەخوێنن، یان ئەوەتا دەبێت بچنە سنە یان واز لە خوێندن بهێنن."
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێران دەڵێت؛ لەماوەی شەش ساڵدا تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، 17 لەسەدی قوتابییان وازیان لە خوێندن هێناوە و زۆرترینی رێژەکەش لەنێو پێنج پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ورمێ، خۆراسانی رەزەوی، خۆراسانی باکوور و پارێزگای گوڵستان بوون.
 























سەرچاوە/ ڕووداو



AM:10:30:16/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌