63 رۆژ بەسەر ساڵی نوێی خوێندندا تێپەڕدەبێت‌و مامۆستایان بەردەوامن لەبایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن



زیاتر لەدوو مانگ بەسەر دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ تێپەڕدەبێت و لەسێ هەزار قوتابخانەی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەدا بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن کراوە، تائێستا روون نییە چارەنووسی خوێندن لەسنووری ئەو دوو پارێزگایەدا بەکوێ دەگات، مامۆستایەکی ناڕازیش دەڵێت درێژە بەناڕەزایەتییەکان دەدەن، هیچ بڕیارێک بۆ شکاندنی بایکۆت نییەو لەم نزیکانەشدا کاتی خۆپیشاندانی نوێ رادەگەیەنن.

عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: مەترسی لەسەر پڕۆسەی خوێندن نییە، هیچ لایەنێک ناتوانێت پڕۆسەی خوێندن لەهەرێمی کوردستاندا رەتبکاتەوە، ئەو بڕیارە لای ئەنجومەنی هەرێمی کوردستانەو ئەوە تەنها پڕوپاگەندەی میدیاییە.

وتیشی: ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ مانگی کانوونی دووەم دەستکرا بەخوێندن و ساڵەکەش هەژمارکرا، هەروەها بەهۆی کۆرۆناوە ساڵی ٢٠٢٠ وەرزێک دەوام کراو خوێندنیش هەژمارکرا.

« ئێمە درێژە بەناڕەزایەتییەکان دەدەین و هیچ بڕیارێک بۆ شکاندنی بایکۆت نییەو لەم نزیکانەشدا کاتی خۆپیشاندانی نوێ رادەگەیەنین.» عادل حەسەن وای وت.

لەساڵانی رابردوودا خوێندکاران لەم کاتەدا تاقیکردنەوەی نمرەیەکی نیوەی وەزری یەکەمیان   ئەنجامدەدا، هەرچەندە لەبەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانیدا خوێندکارانی پۆلی ١٢ دەوام دەکەن و درێژە بەخوێندنی خۆیان دەدەن.

مریەم قادر، مامۆستای یەکێک لەئامادەییەکانی شاری سلێمانییە، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەقوتابخانەکەماندا مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووەو تەنها خوێندکارانی پۆلی ١٢ دەوام دەکەن، پۆلەکانی ١٠ و ١١ تەنها کتێبیان وەرگرتووەو دەوام ناکەن.

هەفتەی رابردوو خوێندکارانی پۆلی ١٢ لەبەردەم بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنیان کرد، بەڵام تائێستا بەشێوەیەکی فەرمی وەڵام نەدراونەتەوە.

لەماوەی رابردوودا دەنگۆی هەڵوەشاندنەوە یان رەتکردنەوەی ئەمساڵی خوێندن لەلایەن رێکخراوی  یونسکۆوە بڵاوکرایەوە، هاوڵاتی پەیوەندی بەوەزارەتی پەروەردەوە کرد تا راستی زانیارییەکان لەو بارەیەو چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن بەوەرگرانی بگەیەنێت، بەڵام هیچ یەكێك لەوەزیرو بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن .

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان و جێگرەکەی: رێکخراوی یونسکۆ ناتوانێت پڕۆسەی خوێندن هەڵبوەشێنێتەوە

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: تائێستا ساڵنامەی خوێندن بەردەوامەو بەهیچ شێوەیەک پێمان باش نییە دەستکاری ساڵنامەی خوێندن بکرێت، بەڵام دەستکاریکردنی ساڵنامەی خویندن و پڕۆگرامی خوێندن کاری وەزارەتی پەروەردەیەو ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، تائێستا راوێژیشمان پێنەکراوە لەو بارەیەوە،  وتووشمانە دەبێت رەچاوی هەموو لایەک بکرێت.

وتیشی: مەسەلەی یونسکۆ رێنماییە باوەڕ ناکەم بڕیار لای یونسکۆ بێت بۆ راگرتنی ئەمساڵی خوێندن لەهەرێمی کوردستاندا، بەڵام دەکرێت بڕیار لەسەر کوالێتی خوێندن بدات و ئەگەر هەیە بڵێت خوێندن وەک پێویست لەکوردستان یان عێراقدا نییە.

هاوكات، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئەمەی کەڕوویداوە لەهەرێمی کوردستاندا لەهیچ شوێنێکی دنیادا نییە، حکومەتێک هەبێت خەمسارد بێت و وەزارەتێکیش هەبێت باکی نەبێت بەداخوازی ئەو خەڵکە، بەیەک تەلەفۆن نە لەگەڵ یەکێتی مامۆستایان وتووێژیان کردووە نە لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی یەک کۆبوونەوە نەکراوەو گوێیان لێبگیرێت، لانیکەم بەشێک لەداخوازییەکانیان جێبەجێبکرێت.

وتیشی: مامۆستایان لەبارێکی دارایی خراپدان گوزەرانی خۆیان و خوێندکارەکانیان لەئاستێکی خراپدایە، ئەمە وایکردووە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بێت، هەروەها دوو مانگ  تێپەڕیوە زۆرەو زیانی بە پڕۆسەی خوێندن و قوتابی پۆلی یەکی بنەڕەتی تا دوانزەی ئامادەیی گەیاندووە.

«پێویستە حکومەت بەجددی کۆبوونەوەی بۆ بکات و ئەم دەڤەرە بەدەڤەرێکی جیا لەکوردستان و حکومەتی هەرێم سەیرنەکرێت، بیر لەڕێگەچارەو چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو دوو مانگە بکرێتەوەو بەخێرایی کۆتایی بەم بارودۆخەبێت، پێویستە بیر لەوەبکرێتەوە خوێندن درێژبکرێتەوەو پڕۆگرامی خوێندن کەمبکرێتەوە، پێش ئەمانەش پێویستە بیر لەوەبکرێتەوە داخوازی مامۆستایان جێبەجێبکرێت لەموچەو پلەبەرزکردنەوەیان و دامەزراندنی وانەبێژان». عەتا ئەحمەد وای وت.

سەبارەت بەدەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لەهەرێمی کوردستاندا لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت: یونسکۆو یونسێف پەیوەندیان نییە بەوەی کەخوێندن دان پێدابنێن یان نا،  ئەوە کاری ئەوان نییەو وەزارەتی پەروەردەو حکومەتی هەرێم بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کەخوێندنی ئەمساڵ چۆن دەبێت.

 «ساڵ هەبووە ٥٠ رۆژ یان یەک وەرز دەوام کراوەو خوێندنیش رۆیشتووە هەرچەندە ئێمە خوازیارنین بەو شێوەیەبێت و پێویستە خوێندن ٢٠٠ رۆژبێت بەلایەنی کەمەوە بەپێی ستاندارد، زیاتر لەدوو مانگە بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیانەوە نزیکەی ٦٠ هەزار مامۆستا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەمەش پڕۆسەی خوێندن لەسێ هەزار قوتابخانە وەستاوەو نزیکەی٦٠٠ هەزار خوێندنکار لەخوێندن دابڕاون.» عەتا ئەحمەد وای وت.

سێی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوای دەستپێكردنەوەی دەوامی لەمامۆستایانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین كردو رایگەیاند: مووچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی كوردستانە لەحكومەتی فیدراڵی عێراق.

بەڵام دوای داواكاریەكەی وەزارەتی پەروەردە كەوەكو فەرمان گشتاندنی بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی پەروەردەكرد، خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایان لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بەرفراوانتر بوون.

مامۆستایان و فەرمانبەران لەخۆپیشاندان و بایكۆتی خوێندندا مەرجی خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلولیان كردە مەرجی دەستپێكردنەوەی دەوام، ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی ئەیلولیان وەرنەگرتووەو چارەنووسی مووچەكەش نادیارە.

لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 60 هەزار مامۆستای میلاك و وانەبێژ هەن، جگە لەنزیكەی 600 هەزار قوتابی و خوێندكار، بەوەش 40%ی پرۆسەی خوێندن لەهەرێمی كوردستان پەكیكەوتووە.

















سەرچاوە/ هاوڵاتی



PM:12:07:16/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌