رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی: به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان له‌ عێراقدا نوقمی گه‌نده‌ڵی بووه‌




لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی ئاشكرای كردووه‌، ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌ عێراق كارده‌كه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ر یارمه‌تیدانی بازرگانان، بۆ وه‌رگرتنی گرێبه‌ستی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ئه‌وانه‌یان كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ له‌ عێراقدا، داوای به‌رتیلیان كردووه‌.

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كارمه‌ندانی، "به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌‌پێدان UNDP" ئه‌و به‌رتیله‌ی داوایان كردووه‌، بڕه‌كه‌ی ده‌گاته‌ له‌ سه‌دا 15% به‌های گرێبه‌سته‌كه‌". له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، كارمه‌نده‌كه‌ یارمه‌تی به‌ڵێنده‌ره‌كه‌‌ ده‌دات، له‌و پرۆسه‌ ئاڵۆزه‌ی پشكنین رزگاری ببێت كه‌ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، بۆ سیستمی پشكنینی ته‌نده‌ره‌كان دایناوه‌.

یه‌كێك له‌ كارمه‌نده‌كانی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان ده‌ڵێت: "رێكه‌وتنه‌كان به‌شێوه‌ی كه‌سی/ شه‌خسی ئه‌نجامده‌درێن، نه‌ك له‌سه‌ر كاغه‌ز، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ شوێنه‌وار به‌جێنه‌هێڵن و ئاشكرانه‌بن. هه‌ندێكجار عێراقییه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان، ده‌بنه‌ گره‌نتی بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كاره‌".

هه‌روه‌ها ده‌وترێت ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومیانه‌ی، سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش پشكی خۆیان هه‌یه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڵێنده‌ره‌كان و كارمه‌نده‌كانی "به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان" كه‌ سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كان، ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی به‌رتیل له‌ كۆمپانیاكان به‌كارده‌هێنن و له‌ به‌رامبه‌ر واژۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌ ته‌واوكراوه‌كان، داوای به‌رتیل ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌، دوو به‌ڵێنده‌ر به‌ رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانییان راگه‌یاندووه‌، ئه‌وان ناچاربوون ئه‌و جۆره‌ به‌رتیله‌ بده‌ن.
 
به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، له‌ به‌یانامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، تۆمه‌ته‌كانی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت، زۆر به‌ جدیی وه‌رده‌گرن و له‌به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی و ساخته‌كارییدا، هه‌رگیز نه‌رمی نانوێنن.

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ باشتركردنی ژیانی 8.9 ملیۆن عێراقی، واته‌ یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی دانیشتوانی وڵات. به‌ڵام سه‌ردانیكردنی رۆژنامه‌كه‌ بۆ شوێنی پرۆژه‌كان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌و ژمارانه‌، زیاده‌ڕه‌ویان تیاكرابێت.

له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی باكوری عێراق، لافیته‌یه‌كی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، له‌ ده‌ره‌وه‌ی بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی هه‌ڵواسراوه‌، تیایدا نووسراوه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان بووه‌. به‌ڵام نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2017 به‌هۆی ده‌ركردنی چه‌كداره‌كانی رێكخراوی داعش، له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌، زیانێكی كه‌می به‌ركه‌وتبوو، دوو رێكخراوی دیكه‌ نۆژه‌نیان كردووه‌ته‌وه‌‌.

وه‌رگرتنی به‌رتیل، یه‌كێكه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی "به‌رنامه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان" كه‌ پلانێكی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ بۆ په‌ره‌پێدان، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ ساڵی 2015 ده‌ستیپێكردووه‌ و بڕی نزیكه‌ی 1.9 میلیار دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌.

ئه‌و به‌خشه‌رانه‌ی ته‌مویلی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن، رێككه‌وتوون له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كه‌ بۆ دوو ساڵی دیكه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌شێك له‌و پارانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، له‌ گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دامه‌زراوه‌كاندا خه‌رجبكرێت. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا كراوه‌، مه‌شق و وۆرك شۆپه‌كان كه‌ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات، به‌ "خراپ" و "نه‌بوونی ستراتیژێكی یه‌كگرتوو" وه‌سفی ده‌كه‌ن.

ئه‌وان به‌ رۆژنامه‌ی ناوبراویان راگه‌یاندووه‌، به‌رپرسانی حكومی و هه‌ندێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا، زۆرجار به‌شداری ئه‌و مه‌شق و وۆرك شۆپانه‌ ده‌كه‌ن، ته‌نها له‌ پێناو چێژوه‌رگرتن له‌ گه‌شتێكی خۆڕایی و وه‌رگرتنی ده‌رماڵه‌ی سه‌فه‌ر و مانه‌وه‌. یه‌كێك له‌ كارمه‌نده‌كانی پێشووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: "به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، ته‌نها ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر رێگایه‌ك بووه‌، پاره‌ خه‌رج بكات و بۆ به‌خشه‌ره‌كانی ده‌ربخات وۆرك شۆپ ئه‌نجام ده‌ده‌ن".

محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌باره‌ت به‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، له‌ لێدوانێكیدا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر راستی بوونی گه‌نده‌ڵی له‌ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، سه‌لمێندرا و پشتڕاستكرایه‌وه‌ ده‌زگا حكومییه‌كان تێوه‌گلاون، رێكاری یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر.

فه‌رهاد عه‌لادین ده‌ڵێت: "بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی ورده‌كاریی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر كردنی، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌رخه‌تین و ئه‌وانه‌ی له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌گلاون، ره‌وانه‌ی لایه‌نی‌ تایبه‌تمه‌ند ده‌كرێن. هه‌روه‌ها بۆ زانینی راستییه‌كان، پێداچوونه‌وه‌ به‌ سه‌رجه‌م به‌رنامه‌كاندا ده‌كه‌ین".



PM:07:27:23/01/2024




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌