یونیسێف سەرەخۆشی لە خێزانێکی کورد دەکات



رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" رایگەیاند، ساڵی رابردوو 18 منداڵ لە عێراق بەهۆی مین و پاشماوەی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها، نیگەرانی بۆ گیانلەدەستدانی منداڵێکی تەمەن 7 ساڵانیش دەربڕی و سەرەخۆشی لە خانەودادەکەی دەکات.
 
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف"، راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو منداڵانەوە دەرکرد کە ساڵی 2023 بەهۆی شەڕ و پاشماەوە جەنگییەکانەوە لە عێراق گیانیان لەدەستداوە، تێیدا هاتووە، "تەنیا لە ساڵی 2023دا 18 منداڵ لە عێراق کوژراون و 34ی دیکەش کەمئەندام بوون، زۆرینەی ئەو قوربانییانە بەهۆی پاشماوەی تەقەمەنیی شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون."
 
یونیسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پاڵپشتی مافەکانی منداڵان بن بۆ ژیان لە ژینگەیەکی سەلامەت و پارێزراودا، لەوانەش بەکارنەهێنانی تەقەمەنی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون کە زیان بە منداڵان دەگەیێنێت، تەنانەت دوای ماوەیەکی زۆریش لە کۆتایی هاتنی ململانێکان.
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە گەرمیان رایگەیاند، منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ بەناوی رەهێڵ رێبین عەزیز، دانیشتووی گوندی عەلی میری ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان کە هاوکاریی باوکی دەکرد بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستدا.
 
لەبارەی ئەو رووداوەوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان دەڵێت، "دڵگرانین لەوەی منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ لە ناوچەی گەرمیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی گیانی لەدەستدا و لە دڵەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی دەکەین، ئەمە نموونەیەکی دیکەیە لە پێویستیی بەپەلەی هەوڵدانی زیاتر بۆ پاککردنەوەی مین و تەقەمەنیی نەتەقیو و پەرەپێدانی چالاکییەکانی تایبەت بە فێرکردن و هۆشیارکردنەوە لەسەر مەترسیی مین و تەقەمەنی لە قوتابخانە و لە نێو کۆمەڵگاکاندا."
 
بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023دا سێ هەزار و 849 مینی دژە کەسی لەنێوبراون، بەهۆی مینەوە 10 کەس لەو ساڵەدا گیانیان لەدەستدا و 13ی دیکەش بریندار بوون، ئەوە جگە لەوەی ساڵی رابردوو 44 کێڵگەی مین لە هەرێمی کوردستان پاککراونەتەوە.
 
بەپێی وەزارەتی ژینگەی عێراقیش، لە عێراق زیاتر لە 30 هەزار کەس بەهۆی مین و پاشماوە جەنگییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، زیاتر لە 10 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشە بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیس بوون.










سەرچاوە/ ڕووداو



PM:02:57:25/01/2024




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌