خۆپێشاندانی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامە؛ رەتی دەکەنەوە بایکۆت بشکێنن



سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی دیکە لە قوتابخانەکان بکرێنەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خۆپێشاندانیان کرد.
 
لە 13-09-2023وە ساڵی خوێندنی نوێ دەستیپێکردووە، بەڵام بەشێکی مامۆستایان و وانەبێژان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە، تاوەکو ئێستاش پڕۆسەی خوێندن تێیاندا ئاسایی نەبووەتەوە.
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەردەم قوتابخانەیەک لە سلێمانی دەڵێت، "نزیکەی نیوەی مامۆستاکانی ئەو قوتابخانەیە نەهاتوونەتە دەوام، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوای لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی کردووە لیستی مامۆستایانی نەهاتووی بۆ بنێرن."
 
ماوەی چەند رۆژێكە پەروەردەکانی سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە، راپەڕین و دووکان هەوڵی جۆراوجۆر دەدەن بۆ گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ دەوام؛ پەروەردەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی نەهاتنی ئەو مامۆستایانەی بایکۆتی خوێندنیان کردووە.
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی روودا گوتی، ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو رێژەی کردنەوەی قوتابخانەکان زیاترە، "بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کە مامۆستایان بایکۆت دەشکێنن یاخود نا."
 
لە هەڵەبجە هیچ قوتابخانەیەک جگە لە پۆلێ 12ـەکان نەکراونەتەوە
 
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 150 قوتابخانە هەن کە 20 قوتابخانە قۆناخی 12ـی ئامادەییان تێدا دەخوێنرێت، سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "جگە لەو 20 قوتابخانەیە، تاوەکو ئیستا هیچ قوتابخانەیەکی دیکە نەکراونەتەوە و قسە لە کرانەوەیان ناکرێت."
 
لەبارەی بڕیاری بە نەهاتوو هەژمارکردنی ئەوانەی کە بایکۆتیان کردووە، مامۆستایانی ناڕازیی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەڵێن، "کاتێک لێرە هیچ قوتابخانەیەک نەکراوەتەوە، با پێکەوە هەموومان بە نەهاتوو هەژمار بکرێین."
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
 
لە راپەڕین نە بایکۆت شکاوە و نە بە تەواوەتیش بەردەوامە
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە رانیە دەڵێت، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نە بە تەواوی بایکۆت شکێنراوە و نە بە تەواوەتیش بەردەوامە، گوتیشی، "دوێنێ شەو 22 قوتابخانە لە رانیە ئاگادارییان بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دەبێ پڕۆسەی خوێندن دەستپێبکرێتەوە و قوتابیان و مامۆستایان لە قوتابخانەکان ئامادە بن، بەڵام تەنیا ژمارەیەک قوتابی و مامۆستا هاتوونەتەوە و بە تەواوەتی خوێندن دەستی پێ نەکردووەتەوە."
پەیامنێری رووداو کە لە بەردەم قوتابخانەی پێشکەوتنی رانیەیە کە زیاتر لە هەزار و 400 قوتابی تێیدا دەخوێنن و گوتی، ''سەردانی دوو قوتابخانەی دیکەشمان کردووە، دەرگەی قوتابخانەکان بەو شێوەیە کراوەتەوە، بەڵام لە بەشێکیان تەنیا بەڕێوەبەری قوتابخانەکان چوونەتەوە و بەشێکیشیان چەند قوتابییەکی لێیە کە لەگەڵ دایک یان باوکیان هاتوون.'' 
 
پەیامنێری رووداو گوتیشی، "مامۆستایانی ناڕازی لە قەڵادزێ کە وانەی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەڵێنەوە، دوای ئەوەی بڕیار درا ئەمڕۆ دەوامی ئاسایی دەستپێبکاتەوە، ئەوانیش بڕیاریان دا کە بایکۆت رابگەیێنن و لە پۆلی 12ـی ئامادەییشدا دەوام نەکەن."
 
لە کۆی 372 ناوەندی خوێندن لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کەمتر لە 10 قوتابخانە هەیە کە بە تەواوی دەوامیان تێدا دەکرێت، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "هەرچەندە بەشێک لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان زیاتر لە دوو هەفتەیە دەچنەوە دەوام، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ژمارەی قوتابییەکان کەمن، بە تەواوی هەموو وانەکان ناخوێندرێن."
 
لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەو ناوچانەی بایکۆتیان کردووە چەندین گردبوونەوە و ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردووە، چەند جارێک قوتابییانیش لەگەڵ مامۆستایاندا بەشداریی ناڕەزاییەکانیان کردووە و لەگەڵ پشتگیرکردنی داوای مامۆستایان، داوایان کردووە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە سنوورەکانیان.
 
دوێنێ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، ژمارەیەک کەسایەتیی ناسروای پارێزگای سلێمانی وێڕای پشتیوانیکردن لە مافی مامۆستایان لە راگەیێندراوێکدا داوایانکرد: "وەکو خەمێک بۆ منداڵانی کوردستان و لەپێناو ئەوەی زانست و دواڕۆژی خوێندکاران نەفەوتێت، داوا لە هەموو مامۆستایانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین دەکەین بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن".
 
ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازیش لەسەر داواکارییەکانی خۆیان رژدن و دەڵێن، "تا ئەو کاتەی داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێن، ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن و درێژە بە بایکۆت و خۆپێشاندان دەدەین."




سەرچاوە/ ڕووداو



PM:06:49:28/01/2024




ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌