خاوەنی فەیسبووک داوای لێبووردن لەوانە دەکات کە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە




مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا و تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەمیانی دانیشتنێکی تایبەتی سیناتی ئەمریکا تایبەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە فەرمی داوای لێبوورنی لەو خێزانانە کرد کە دەڵێن، بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، منداڵەکانیان زیانیان پێگەیشتووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 01ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا "سینات"، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەچوو. هەریەک لە مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا کە سەرپەرشتی هەریەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام دەکات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تیک تۆک، سناپجات و ئێکس ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
 
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێکس و لەگەڵ بەڕێوەبەری پێگەی دیسکۆرد، رەتیانکردەوە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکەن.
 
لە دانیشتنەکەدا، زۆر لە سیناتۆرەکان هێرشیان کردە سەر بەڕێوەبەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داوایان لێکردن ئەو رێکارانە ئاشکرا بکەن کە گرتوویانەتە بەر بۆ پاراستنی منداڵەکانیان.
 
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا، ژمارەیەک دایک وباوک ئامادەبوون گوتیان کە، منداڵەکانیان بەهۆی بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زیانیان بەخۆیان گەیاندووە یان پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە.
 
هەر کاتێک سیناتۆرەکان پرسیای تووند و قسەی رەقیان بە بەڕێوەبەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگوت، دایک و باوکەکان چەپڵەیان بۆ لێدەدان، هەرکاتێکیش بەرپرسێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی دەکرد، هاتووهاواریان دەکرد.

خاڵێکی نێو کۆبوونەوەکە سەرنجی ئامادەبووان و خەڵکی بۆخۆی راکێشا، ئەوەش ئەوەبوو شوو زی چیو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیک تۆک رایگەیاند، منداڵەکانی خۆی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەکارناهێنن، چونکە ئەوان خەڵکی سەنگاپوورن و بە گوێرەی یاسای ئەو وڵاتە، هیچ منداڵێکی خوار تەمەن 13 ساڵ بۆی نییە ئەکاونتی تیک تۆکی هەبێت.
 
زوکەربێرگی بەڕێوەبەری مێتا لە دانیشتنەکەدا زۆرترین هێرش و پرسیاری ئاراستە کرا، کە ئەمە هەشتەمین جارە لە کۆنگرێس گوتەی لێوەردەگیرێت.
 
تێک کروز، سیناتۆری کۆمارییەکان، بە زوکەربێرگی گوت، "بەڕێز زوکەربێرگ، ئایا تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە، و تەماشای ئەو پۆستەی ئینستاگرام بکە و بەکارهێنەران ئاگادار دەکاتەوە کە لەو پۆستەدا ناوەڕۆکێکی دوور لە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەبینیت و دواتریش دەپرسی دەتەوێت ئەو ناوەڕۆکە ببینیت؟"
 
لە وەڵامدا، زوکەربێرگ، ئاوڕی لە خێزانەکان دایەوە و رایگەیاند، "داوای لێبووردن بۆ هەموو شتێک دەکەم و پێموایە ئەوە کارێکی نابەجێیە و، نابێت هیچ کەس رووبەڕووی ئەو جۆرە شتانە ببێتەوە و خێزانەکانیان رووبەڕووی ناخۆشی بکرێنەوە." 

-رووداو



AM:11:48:01/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌