سەنتەری میترۆ داوا دەکات مامۆستا تێکۆشەر حسێن ئازادبکرێت



لێدوانی رۆژنامەوانی
‎سەنتەری میترۆ داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات دەستبەجێ مامۆستا تێکۆشەر حسێن، چالاکوان کە ئێستا لە ئاسایشی سۆران زیندانیکراوە ئازاد بکات
‎ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە سەنتەری میترۆ پەیوەندیکرد بە خاتوو بنیاد ئەحمەد هاوسەری مامۆستا تێکۆشەر و ناوبراو دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی پشتڕاستکردەوە کە ئێستا لە ئاسایشی سۆران زیندانییە.
‎بەگوێرەی قسەی هاوسەرەکەی مامۆستا تێکۆشەر بۆ سەنتەری میترۆ، بەر لە دەستگیرکردنی و بردنی بۆ ئاسایشی سۆران، مامۆستا تێکۆشەر مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕانی لە چۆمانی ئاگادارکردوەتەوە، بەرپرسانی مەکۆکەش داوایان لێکردووە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات.
‎بنیاد ئەحمەد بۆ سەنتەری میترۆ باسی لەوەشکرد، پێشتر مامۆستا تێکۆشەر ئاگادار کراوەتەوە، سەردانی ئاسایش بکات یاخود خۆیان دەستگیریدەکەن.
‎سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەستگیرکردنی مامۆستا تێکۆشەر پێشێلکردنێکی زەقی ئازادی رادەربرینە، بەهۆی ئەوەی لەمڕۆژانەدا لەقوتابخانەکەی خۆیدا راوبۆچوونی مامۆستایانی لەبارەی ئەنجامدانی بایکۆتکردنی دەوام وەرگرتووە.


PM:11:08:01/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌