ئاڵنگاریی بەردەم ژنانی رۆژنامەنووس روو لەهەڵکشانە




شەنای فاتیح

پاش زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی تائێستا ئاڵنگاری و توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنانی رۆژنامەوان روو لەهەڵكشانن، بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری میترۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئاڵنگاری بەردەم ژنان و کچان لەدامەزراوە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستاندا لەئاستێکی بەرزدایە بەڕێژەی ٥٥.٤٪.

بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری میترۆ بەناونیشانی (ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژنان لەدامەزراوەکانی راگەیاندن لەهەرێمی کوردستاندا) بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئاڵنگاری بەردەم ژنان و کچان لەدامەزراوەکانی راگەیاندن لەهەرێمی کوردستاندا لەئاستێکی بەرزدایە کەڕێژەی ٥٥.٤٪ پێکدەهێنێت، هەروەها بەشداری خانمان لەپۆستە باڵاکانی نێو دامەزراوەکانی راگەیاندن لەئاستێکی نزمدایە کە ١٢٪یە، هەروەها روانگەی کچان و ژنان سەبارەت بەئاستەنگی کولتورو تێگەیشتنی کۆمەڵگا لەبەردەم ژنان بۆکارکردن لەدامەزراوەکانی راگەیاندندا بەڕوویەکی نەرێنیدا رێژەکەی ٤٢.٤٪ مۆڵەتی دایکایەتی بەموچەوە لەدەزگاکانی راگەیاندندا ٥١٪ی راپرسییەکەیەو مۆڵەتی دایکایەتیش بەبێ موچە ٤٩٪ی راپرسییەکەیە.

ئەنجامدەری توێژینەوەكە: هەندێك لەژنان لەدەزگاكاندا هەراسان دەكرێن
هەژان خالید، مامۆستای زانکۆو ئەنجامدەری توێژینەوەکە لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: «لەگەڵ ئەوەی لەم ساڵانەی دوایدا ژنان هاتنەپێشەوەیەکی بەرچاویان هەبووە لەبواری راگەیاندندا بەڵام بەداخەوە تووشی کێشەو ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە لەشوێنی کارەکانیان، ئێمە ئەم توێژینەوەیەمان ئەنجامداو دوو ئامانجی سەرەکیمان هەبوو، ئەوانیش بزانین ژنان تێڕوانینیان چییە لەسەر بارودۆخی خۆیان، بۆیە لەڕێگەی راپرسییەوە لە٩٢ خانم کە لەدەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن راپرسییەکمان ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بزانین تاچەند رەوشی هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ ژنانی رۆژنامەنووس و کارکردن لەو بوارەدا».

وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی لەتوێژینەوەکەدا بەدواداچوونمان لەسەر چەند ئاستێک کرد لەسەر ئاڵنگارییەکان، کۆمەڵیک تەحەدا لەسەر ژنانی رۆژنامەنووس هەیە لەدامەزراوە میدیاییەکاندا، یەکێکیان مەسەلەی هەراسانکردنە، تائێستاش لەنێو شوێنی کارو دەرەوەی کاریش ژنان رووبەرووی هەراسانکردنی سێکسی و ئۆنلاین و گفتوگۆیی و توندوتیژی دەبنەوە، کەئەمەش کاریگەری لەسەر جێبەجێکردن و ئەدای کارکردنی ژنان دەبێت.

«بابەتێکی دیکە مەسەلەی بەشداریکردنی ژنانە لەناوەندەکانی بڕیارداندا کەئاستێکی زۆر لاوازی هەیە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی روماڵکردنی دۆزەکانی پەیوەست بەژنان لەمیدیادا، بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئەو گوتارەی میدیا دروستی دەکات گوتارێکی پیاوانە دەبێت، ئەگەرچی ژمارەیەکی زۆر لەژنان لەپۆستەکانی پەیامنێرو پێشکەشکاردا هەن، بەڵام کەمترین ژن دەبینین کەبتوانن لەسەر مێزی کۆبوونەوەکان و بڕیاردان لەژوورەکانی هەواڵدا دابنیشن و بڕیار لەڕوماڵکردنەکان و چۆنیەتی شێوازی روماڵکردنەکان.» هەژان خالید وای وت. 

هەژان خالید باسی لەوەشکرد، بابەتێکی دیکە مافە سەرەتاییەکانە کە تاچەند دەدرێتە ژنانی رۆژنامەوان، بەشیکی دامەزراوە میدیاییەکان تائێستاش بەشێوازێکی یاسایی بەپەیڕوکردنی یاسای کاری عێراقی مۆڵەتی دایکایەتی نادەنە ژنانی رۆژنامەنووس، ئەوەی کەدەدرێت پێیان بەشێوەیەکی هاوڕێیانە پێیان دەدرێت، بەداخەوە ئەمەش جارێکی دیکە پێمان دەڵێت کە لەڕووی مەعنەوی و دەرونییەوە کاریگەری خراپ لەسەر ژنان دروستدەکات، بەشێکیش لەم ژنانە ئەگەری هەیە بەهۆی دایکایەتییەوە لەکارەکانیان دووربکەونەوەو زۆرجار سەردەکێشێت بۆ دوورکەوتنەوەی تەواوەتی لەکاری راگەیاندن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەشی خستەڕوو «خودی ژنانیش بەرپرسیارن و بەداخەوە وەک پێویست پەرەیان بەتواناکانی خۆیان نەداوەو ئەو لێهاتووییەی هەیانە بەرەوپێشەوەی ببەن، ئەمەش دووبارە پەیوەستە بەژیان و باری خێزانی و تێڕوانینی تەواوی کۆمەڵگا بۆ تواناکانی ژنان کەئەرکی دایکایەتی لەسەرەو ناچارە تەرکیزێکی تەواوی هەبێت بۆ ماڵ و ماڵداری، بۆ ئەمەش بەشێک لەتەرکیزەکەی دەگوازێتەوە.

«بەشێک لەدەزگاکان نایانەوێت ژنەکانیان هۆشیار بن و زیرەک بن و توانایان هەبێت، پێیان وایە توانای ژن تەنها لەچێشتخانەکاندایەو پێویستە تواناکانیان سنوردار بکرێت، ئێمە چەند کەیسێکمان هەیە کەژنان رووبەڕووی توانج بوونەتەوە لەدەزگاکاندا، کەواتە ئەو عەقڵیەتەی دەزگا میدیاییەکان بەڕێوەدەبات عەقڵێکی پیاو سالارانەیە.

چارەسەر چییە؟
سەبارەت بەچارەسەرکردنی ئەو کێشانە هەژان خالید وتی: ئەو کێشانەی باسمان کرد دەتوانین لەچەند لایەنێکەوە چارەسەریان بکەین، رەنگە نەتوانین چارەسەرێکی تەواوەتی سەرجەم کەیسەکان بکەین، بۆ نموونە توندوتیژی و هەراسانکردن ناتوانرێت بەتەواوی بنبڕبکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە سیاسەتی تایبەت بەڕوبەرووبوونەوەی هەراسانکردن و یەکسانی جێندەری و بەشداری ژنان لەپۆستە باڵاکانی دامەزراوەکاندا دابڕێژرێتەوەو کاری لەسەربکرێت و جێبەجێ بکرێت، پێویستە ژنان خۆشیان هۆشیارانە خوێندنەوەیان هەبێت بۆ ماف و ئەرکەکانیان و هەوڵ و تواناکانیان پەرەپێبدەن.

بەشیکی دیکەش پەیوەستە بەمیدیاکانەوە کەئەو کەیسانەی تایبەتە بەهەراسانکردن و توندوتیژی و ئیهانەکردنی ژنان بجوڵێنن و راپۆرتی لەسەربکەن و رایگشتی لەسەر بجوڵێنن و بەچاوێکی پڕ بایەخەوە لێی بڕوانن.» هەژان خالید وای وت.

ئەوەی جێگای باسە تائێستا هیچ ئامارو تووێژینەوەیەک لەبەردەستدا نییە کەژمارەو رێژەی ژنان لەدەزگا میدیاییەکانی کوردستاندا ئاشکرابکات، هەرچەندە هەندێکجار ژنانی رۆژنامەنووس بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ژیانیانەوە بەتایبەت دایکایەتی لەکارەکانیان دووردەکەونەوە. .

ب.ر، ناوی خوزراوی ژنە میدیاکارێکی نێو دەزگا میدیاییەکانی کوردستانەو بەهۆی ئەوەی بووەتە دایک لەکاری راگەیاندن دووربکەوتەوە، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: خۆی مۆڵەتی دایکایەتی ٧٢ رۆژە، بەڵام من سێ مانگ مۆڵەتم وەرگرت، هێشتا سێ مانگیش زۆر کەمە بۆ دایک، بەتایبەت کاتێک لەشارێکی دیکە بیت و دووربیت لەخێزان و کەسوکار.

وتیشی: بەڕاستی کێشەیە بۆ ژنی رۆژنامەوان لەدەزگای راگەیاندندا، بەتایبەت ئەو ماوەیە زۆر کەمە چونکە لۆدێکی زۆر لەسەر ئەو خانمە هەیە کاتێک دەچێتەوە بۆ دەوام و کاتی بۆ منداڵەکەی کەمتر دەبێت، دەبوو لەشەش مانگ کەمتر نەبێت بەڵام چیش بکەین ئیشەو ناتوانیت دەستبەرداری ببیت».

«هەرچەندە من لەکۆتاییدا بەهۆی منداڵەکەمەوە وازم لەکارەکەم هێنا چونکە کاری میدیایی زۆر قورسە ناتوانیت لەیەک کاتدا دایک بیت و سەرەتای منداڵ بەخێوکردنت بێت و ئەو دەوامە زۆرەش بکەیت.» ب.ر وای وت. 

ئەڤین نەسرین، میدیاکارێکی کەناڵی ژن تیڤییەو لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: میدیاکەی ئێمە تایبەتمەندە بەژنان و هەموو ئەو بوارانەی کاریان تێدا دەکەین چ تەکنیکی و بوارە مەیدانییەکان و بەردەم کامێراو سەرجەم بوارەکان لەلایەن میدیاکارانی ژنەوە ئەنجامدەدرێن و سەرجەم پۆست و کارەکانیش لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێت و بەڕێوەدەبرێن.

وتیشی: بارودۆخی دەروونی یان فشارێک رەنگە هەبێت لەکاتی کارکردندا بەڵام وەک توندوتیژییەک بمێنێتەوە یان کەسێک لەئاستی بەڕێوەبردنی ئێرەدا توندوتیژی بەرامبەر بەمن یان هاوڕێکانم ئەنجامدرابێت شتیوا لەدەزگاکەی ئێمەدا رووی نەداوە.

ئەڤین نەسرین باسی لەوەشکرد، کەمی رێژەی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم میدیاکانی ئێرە میدیای حزبین و سەر بەلایەنێکی دیاریکراون، پارتەکانی باشووری کوردستانیش لەلایەن پیاوانەوە خاوەندارێتی دەکرێن و بەڕێوەدەبرێن، کاتێکیش دەزگایەکی میدیایی دادەمەزرێنن بێگومان بەڕێوەبردن لەپیاوێکەوە دەدرێتە پیاوێکی دیکە لەئاستە باڵاکانی دەزگاکانی راگەیاندندا بەمیدیای بینراوو بیستراو خوێندراویشەوە». 

زۆرکات لەئاستێکدا پیاوان بەڕێوەبەری دەزگاکانی راگەیاندنن و هەبوونی ئەقڵی تەواو پیاوسالاری جێبەجێدەکرێت، بەکاڵا سەیرکردنی ژنان و بۆ کارکردنیش لەسەر بنەمای نەبوونی توانای ژن تەماشا دەکرێن، ئەگەر ژنێک هەنگاوێک بنێت دەبێت پیاوێکی لەپشت بێت پیاوێک پاڵپشتی بێت و یارمەتی بدات هەموو ئەم تێڕوانینانە کەبناغەکەی پیاو سالارانەیە هۆکارن بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لەدەزگاکانی راگەیاندندا ئەنجامبدرێت.» ئەڤین نەسرین وای وت.

سەبارەت بەمۆڵەتی دایکایەتی لەدەزگاکەیاندا ئەڤین نەسرین وتی: لەدەزگاکەی ئێمەدا مۆڵەتی دایکایەتی هەیەو هەر ژنێکی رۆژنامەوان تاچوار مانگ دەتوانێت وەریبگرێت، لەمانگی نۆیەمەوە بێت یان لەکاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیدا، ئەو چوار مانگەی کەمۆڵەتی دەزگایە بەمووچەوەیەو پاش چوار مانگەکەش ئەگەر ویستی مۆڵەتەکەی بۆ دەکرێتە شەش مانگ بەڵام تەنها موچەی چوارمانگ وەردەگرێت.

بەپێی راپۆرتێکی سەنتەری میترۆ بەناونیشانی (هەراسانکردنی کچان و ژنانی رۆژنامەوان) بۆ ساڵی ٢٠٢١، هەراسانکردنی کچان و ژنانی رۆژنامەنووس لەئاستێکی بەرزدایەو ٥٠٪ی ڕۆژنامەنووسە ژن و کچەکان رووبەڕووی هەراسانکردنی دەروونی و ئۆنلاین و زارەکی و سێکسی بوون، ناوخۆی ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدا دەکەن بەپلەی یەکەم دێت کە رێژەکەی ٦٠٪و پاشان شوێنی مەیدانی دێت کە ١٩٪یە، ٨٪ی خانمانی رۆژنامەوانیش لەلایەن هاوپیشەکانیانەوە لەدەزگاکانی دیکەی راگەیاندندا هەراسان دەکرێن.




PM:12:21:04/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌