سەرەتای ئەم مانگە كۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "نیگەرانن" لە پاشەکشەی ئازادیی رادەبڕین لە هەرێمی کوردستان. دوای وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکەی کۆنسوڵخانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کۆنسوڵخانەکە دەڵێت، خۆشحاڵن بە "کەمبوونەوەی بەرچاو"ی پێشێلکارییەکانی ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە كۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا کە بەهۆی سەردانیان بۆ دوو دەزگای میدیایی بڵاویانکردووەتەوە دەڵێن، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆشحاڵە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی پێشێلکارییەکانی ئازادیی راگەیاندن و پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات کە تێیدا رۆژنامەڤانان بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن بێ ترس لە چاوترساندن، هەراسانکردن و جیاکاری لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی".
ئەو راگەیێندراوە لەکاتێکدایە، 1ـی ئەم مانگە لە بەشێکی راگەیێندراوێکدا کۆنسوڵخانەکە رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە لە پاشەکشەی ئەم دواییانەی ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە خۆجێیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی پانتایی کاری میدیا و لەو نێوەندەشدا دابینکردنی دەرفەتی پەرەپێدانی پیشەیی بە رۆژنامەڤانان".
دوای راگەیێندراوەکەی 1ـی شوبات، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دوای ئاماژەدان بە هەڵوێستەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "بەپێی دوایین ئاماری سەنتەری میترۆ، پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە ماوەی ساڵێکدا 42% کەمیکردووە؛ هەروەها لە دانیشتنە فەرمییەکاندا بەڕێزان لە کۆنسوڵخانە پێزانینیان هەبووە بۆ کەمبوونەوەی پێشێلکارییەکان و دەستخۆشییان بۆ حکومەت هەبووە لەمبارەیەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ساڵی رابردوو 128 رۆژنامەنووس پێشیلکارییان بەرامبەر کراوە و زۆرترینی پێشیلکارییەکان رێگەنەدان بە رووماڵ و جیاکاری بووە.
هەر بەگوێرەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەراورد بە ساڵی پێشتر پێشێلكاری و دەستگیركردنی رۆژنامەڤانان 42% كەمیكردووە.
هەروەها سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە، لە ساڵی 2023دا 249 پێشێلكاری بەرامبەر 247 رۆژنامەڤان کراوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی ئاماری ساڵی پێشووتری سەنتەرەکە، لە ساڵی 2022دا 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی کراوە.