پلانی بەڕێوەچوونی ماراسۆنێکی ژنان لە بەسرە هەڕەشەی پیاوانی ئایینی بەدوادا دێت




لە پارێزگای بەسرەی تاکە دەروازەی ئاویی و سیییەکانی ئابووری عێراق، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ماراسۆنێک بە بەشداریی ژنان ناڕەزایی بەشێک لە پیاوانی ئایینی و سیاسییە ئایینییەکانی ئەو پارێزگایەی لێکەوتووەتەوە
 
ساڵح جیزانی، نوێنەری پیاوانی ئایینییە لە بەسرە، دەڵێت: "دوای ئەوەی گوێبیستی ئەوەبووین کە ماراسۆنێکی ژنان لە بەسرە دەکرێت، دەڵێین ئەو کارە ژنان لە رەوشت و شکۆمەندییان لادەدات تاوەکو بە پاساوی وەرزش و کرانەوەوە بکەونە نێو تەڵەی گەندەڵکارانەوە."
 
داوای ئەو نوێنەرە و لە هەمان کاتدا هەڕەشەکەی ئەوەبوو "بەپەلە ئەم پڕۆژەیە هەڵبوەشێتەوە، ئەگەرنا هەڵوێستێکی دیکەمان لێ دەبینن، دواتر پەشیمانی دادنادات."
 
بە سپۆنسەری سێ لایەنی کەرتی تایبەت و پشتیوانیی کارگێڕیی پارێزگاکە، بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی هەینی 9ی شوبات ماراسۆنەکە بە بەشداریی هەردوو رەگەز دەستپێبکات.
 
ئەحمەد روبێعی، پەرلەمانتاری پارێزگای بەسرە لە فراکسیۆنی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی دەڵێت، بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە بەو جۆرەی پلانی بۆ دانراوە "بێ رێزییە بە بەسرە و خەڵکەکەی" و داوادەکات تەنیا بۆ پیاوان بێت.
 
کاردانەوەکان کارگێڕیی پارێزگاکەی هێنایە سەر خەت، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رێکخەرانی ماراسۆنەکە پابەندن بە پاراستنی بەهای ئایینی و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان؛ بەشداربووانیش پابەندن. پێشێلکردنی بەها و نەریتییەکان قبووڵنەکراوە. سەرپەرشتیارانی ماراسۆنەکە رێگە بەهیچ رەفتارێک نادەن کە پێچەوانەی سیستم و ئادابی گشتی بێت.
 
بەگوتەی رێکخەرانی ماراسۆنەکە، تەنیا لە 24 کاژێری کردنەوەی دەرگای خۆتۆمارکردن، سەروو 15 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە؛ خەڵاتەکەشی دەگاتە 15 ملیۆن دینار، بە جۆرێک یەکەم 5 ملیۆن، دووەم 4 ملیۆن، سێیەم 3 ملیۆن و چوارەم 2 ملیۆن و پێنجەم ملیۆنێک دیناریان پێدەدرێت. 

-
رووداو دیجیتاڵ 




AM:11:59:08/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌