سەندیکای رۆژنامەنووسان بۆ رۆژنامەنووسان: یەک ئابوونە بدەن و ناسنامەکانتان بۆ نوێ دەکەینەوە




سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بڕیاریدا تەنیا ئابوونەی یەک ساڵ لەو ئەندامانەی وەربگرێت کە بەهۆی قەرزاریی زۆریانەوە ناتوانن ناسنامەکانیان نوێ بکەنەوە. سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکاش دەڵێت: "بۆ رەچاوکردنی دۆخی دارایی رۆژنامەنووسان، ئەو بڕیارە دراوە."
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە نووسراوێکدا کە بۆ سەرجەم لق و نووسینگەکانی خۆی ناردووە، لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەندیکا لەبارەی ئابوونەی ساڵانەوە ئاگاداریان دەکاتەوە.
 
لە نووسراوکەدا هاتووە: "لەسەر رێنمایی ژمارە 1820 لە 10ـی ئەیلوولی ساڵی 2023 بەردەوام بێت، واتە هەر ئەندامێک تەنیا بڕی 2500 دینار ئابوونە بدات بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەی سەندیکا، بە مەرجێک بیسەلمێنێت لەسەر کاری رۆژنامەنووسی بەردەوامە."
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "بڕیارەکە ئەو ئەندامانە ناگرێتەوە کە داوای خستنەسەری راژەی رۆژنامەنووسی دەکەن و دەبێت سەرجەم ئابوونەی ساڵانی رابردوو بدەن."
 
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بەشێکی ئەندامانی سەندیکا بەهۆی قەرزی ساڵانی پێشووەوە نەیاندەتوانی ناسنامەکانیان نوێ بکەنەوە، بۆیە بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ وەرگیرا و تەنیا ئابوونەی یەک ساڵ دەدەن، بەڵام ئەو کەسانە نابێت کە خزمەتی رۆژنامەنووسی دەبەنەوە بۆ فەرمانگەکان." گوتیشی، "بڕیارەکە بۆ لەبەرچاوگرتنی دۆخی رۆژنامەنووسانە کە ئەوانیش لە دۆخێکی دارایی خراپدان وەکو هەموو خەڵک."
 
لە بڕیارێکی دیکەدا ئەنجوومەنی سەندیکا بڕیاریدا بە کردنەوەی دەرگای ئەندامێتی بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت ببنە ئەندامی سەندیکاکە بەو مەرجەی تەواوی رێنماییەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکەن کە بریتین لە:
 
- گرێبەست بە ئیمزای سەرنووسەر "بۆ میدیای نووسراو" و بە ئیمزای بەڕێوەبەری گشتی یان بەڕێوەبەری سەرپەرشتیار لە ئۆفیسی سەرەکی دەزگای میدیایی بیستراو.
 
- بۆ پەیجەکانی هەواڵ دەبێت دەزگاکە لە سەندیکا تۆمارکرابێت و تەنیا ئەو پەیجانە دەگرێتەوە کە بوونەتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری.
 
- سەندیکا لە مەسەلەی ئەندامێتی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دەزگاکانی میدیا دەکات نەوەک لەگەڵ کۆمپانیا و حیزب و رێکخراوەکان، بۆیە دەبێت گرێبەست و نووسراو بە لۆگۆی میدیاکە بێت، نەوەک لایەنی دیکە.
 
- جەخت لەسەر تەواوی رێنماییەکانی رابردوو کە ئاڕاستەی سەرجەرم لق و نووسینگەکان کراوە، دەکەینەوە.
 
سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی سەبارەت بە مەرجەکانی ئەندامێتی، گوتی: "چەند مەرجێک هەیە لەنێویاندا پێویستە کەسەکە داواکارییەک بۆ سەندیکا بنێرێت یان ئەو لقەی دەیەوێت لەو سنوورە ببێتە ئەندام تێیدا، پشتگیری دەزگایەکی راگەیاندن کە بیسەلمێنێت ئەو کەسە دوو ساڵ خزمەتی هەیە، گرێبەستی کار، ئەرشیفی کاری رۆژنامەنووسی هەبێت (شەش مانگ)، کۆپی باری شارستانی و سێ وێنە و بەڵێننامەیەک لە دادنووس بهێنێت، هەروەها چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکرێت لەکاتی دیاریکراو."
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان نزیکەی زیاتر لە هەشت هەزار ئەندامی هەیە، بەشێکیان بەپێی بەرپرسانی سەندیکا ئەوانەن کە ساڵانی رابردوو بوونە ئەندام و ئێستا کاری رۆژنامەنووسی ناکەن، تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 2500 رۆژنامەنووس تۆمارکراون.

-رووداو دیجیتاڵ



PM:12:15:08/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌