خاڵى ژینا ئەمینی زیاتر لە پێنج ساڵ سزاى زیندانییکردنى بەسەردا سەپێندرا





سەفا عائیلی، خاڵی ژینا ئەمینی کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو سزای ٥ ساڵ زیندانی و هەندێک سزای دیکەی وەکوو قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران و نووسین سەبارەت بەو هێزە حکومییانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراون بەسەریدا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕۆژانی ڕابردوودا سەفا عائیلی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن کردن بە خامنەیی" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی جێبەجێ دەکرێت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران بێبەریکراوە.

سەفا عائیلی ڕۆژی سێشەممە  5/9/2023 لە ماڵەکەی خۆیدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکراو  دوای تێپەڕکردنی ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی کەفالەتی یەک ملیار و دووسەد ملیۆن تمەن هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا و دوای دادگایکردنەکەی سزای زیندانی بۆ دەرچوو.

-هاوڵاتی



PM:02:02:12/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌