نابێ حكومەت لە پرۆسەی چاودێری تورەِبێت




سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە بەكارهێنانی هەندێ دەستەواژە لە رونكردنەوەیەكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، رایدەگەیەنێت: كەسانی راسپێردراو بە خزمەتی گشتی و دامەزراوەكانیان لەسەرو چاودێری میدیاوە نین، دەبێت رەخنەی هاوڵاتیان و چاودێریكردنی میدیا قبوڵ بكەن و وەك سەرچاوەیەك بۆ باشتركردنی كارەكانیان لێی بڕوانن. 

لە پەیجی فەرمی راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، رونكردنەوەیەك بە ناوی وەزارەتەكەوە بۆ رای گشتی بڵاوكراوەتەوە، كە تایبەتە بە راپۆرتی دەزگایەكی راگەیاندن (بێ ناوهێنانی) لەسەر پرۆژەیەكیان.

ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە، بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخاتە روو، دەزگایەكی میدیا تۆمەتبار دەكات بە"پەیجێكی چڵكاوخۆر" و "پارە لە بەرپرسان و هەندێ كەس وەردەگرن بۆ ریكلام كردن بۆ كارەكانیان" ،هەندێ تۆمەتی تریش.

 واچاوەڕوانین كە فەرمانبەران و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای رۆژنامەگەری و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، پەیوەندییان لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن رێكبخەن، هیچ  بەربەست نەخەنە بەردەم كارەكانیان، پەنا نەبەنە بەردەم ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە.

ئەركی پەیجی رەسمی وەزارەتەكان، بڵاوكردنەوەی زانیاری و راپۆرتی بە سوود و راستە بۆ رای گشتی، جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانییە كە پەنا بۆ توڕەیی و  بەخشینەوەی تۆمەت دەبەن.

 تۆمەتبەخشینەوە رێگا راستەكە نییە، بەڵكو لەكاتی بوونی كێشە لە نێوان ئەوان و رۆژنامەنوساندا، دەزگاكانی راگەیاندن، پەنا بۆ دادگاكان بەرن، بۆ ئەمەش پەنابردنی وەزارەت بۆ دادگا رێگا راستەكە بوو، نەك تۆمەت و ناوزڕاندن.


PM:01:58:21/02/2024




ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌