سەنتەری میترۆ تۆڕێكی فراوانی چاودێرانی مافی مرۆڤ پێكدەهێنێت





میترۆ، سلێمانی: سەنتەری میترۆ رایگەیاند پرسی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ، لەناویاندا ئازادی رادەربڕین، پاوان نییە بۆ رێكخراوەكان، ئەركی هەموو هاوڵاتییەكە بەشداربێت لە پرۆسەی چاودێریكردن و پاراستن و بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ لە ناویاندا مافی ئازادی رادەربڕین.
ئەمڕۆ لە ئۆفیسی ئیراردە میدیا لە شاری سلێمانی، دیبەتێك بە ناونیشانی (ئازادی رۆژنامەوانی و ئاڵنگارییەكانی..) بۆ تیمی سەنتەری میترۆ رێكخرا.
رێكخەری سەنتەری میترۆ، رەحمان غەریب، پیرۆزبایی دامەزراندنی دەزگای میدیای ئیرادەی لە سەرنوسەرو میدیاكارەكانی كرد، هیوای خواست سەركەوتووبن لە گەیاندنی زانیاری راست بۆ هاوڵاتیان. 
پاشان تیشكی خستە سەر دوا راپۆرتی میترۆ وەك هەوڵێك بۆ دۆكیومێنتكردنی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون، ئەو لایەنانەی بەرپرسن لەو پێشێلكارییانە ولەگەڵ راپۆرتەكانی ساڵانی رابردوو، سەنتەری میترۆ راسپاردەی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە بە ئامانجی كۆتایهێنان بە پێشێلكاری و بەهێزكردنی پرەنسیپی لێپرسینەوە و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزای ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەنجام دراون.
لەو دیبەیتەدا كە مامۆستای زانكۆ، پارێزەر، چالاكوانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوس  وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئامادەی بوون گفتوگۆی كراوە دەربارەی كۆمەڵی تەوەری تایبەت بە ئازادی رادەربڕین بە گشتی و رۆژنامەنوسی بە تایبەتی كرا.
بەرێوەبەرو رێكخەری میترۆ دیدارەكەیان بە بۆنەیەك زانی بۆ قسەكردن لەسەر پێكهێنانی (تۆڕی19) كە بەدواداچوون دەكات بۆ هەڕەشەكانی سەر ئازادی ڕادەربڕین و چاودێری رێگرییەكانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و بڵاوكردنەوەی بە ئازادی، فشار بە ئامانجی هاوتەریبكردنی یاسا نێوخۆییەكان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكان و لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژی ئازادی ڕادەربڕین، لەوانەش هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسان دەكرێن.
رەحمان غەریب ووتی "پرسی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ، لەناویاندا ئازادی رادەربڕین پاوان نییە بۆ رێكخراوەكان، ئەركی هەموو هاوڵاتییەكە بەشداربێت لە پرۆسەی چاودێریكردن و پاراستن و بەرگریكردن لە مافەكانی كە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤدا هاتوە"
ووتیشی " تۆڕەكە لە هەموو شارەكانی كوردستان ئەندامی دەبێت سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات"جەختیكردەوە" پێویستمان بە بزوتنەوەیەكی بەهێزی مافەكانی مرۆڤ هەیە، تۆڕی هاوپەیمانی 19 هەوڵێكە بەو ئاراستەیە"
هەروەها دیاری محمد ووتی " پێكهێنەرانی تۆڕی 19 ئەو مەترسیانە كۆیاندەكاتەوە كە هەرەشە دەبن بۆ سەر ئازادی دەربڕین و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری"
بەندی 19 لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرڤدا، وەك بەندێكی سەربەخۆ گوزراشت  لە مافی ئازادی رادەربڕین دەكات كە تیایدا هاتووە:
"هەموو كەسێك مافی ئازادی  ڕادەربڕینی هەیە، مافەكەش بریتییە لە هەڵگرتنی بیروڕای خۆی بەبێ دەستوەردان، گەڕان یان وەرگرتنی زانیاری و بیرۆكە و گواستنەوەیان، لە ڕێگەی میدیاوە، بەبێ گوێدانە هەر ئاستەنگێك".
#میترۆ_ئازادی_رۆژنامەگەری
#میترو_حریة_الصحافة
‏#FreedomOfPress
‏#metrocenter
فۆتۆ: هۆزان کەمال


AM:01:38:13/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 1656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌