سەرۆکی ئەمریکا: نەورۆز کاتی بیرکردنەوە، نوێبوونەوە و لەدایکبوونەوەیە




بەبۆنەی هاتنی نەورۆز، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نەورۆز کاتی بیرکردنەوە، نوێبوونەوە و لەدایکبوونەوەیە."
 
رۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 جۆ بایدن لە پەیامێکدا رۆژی جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد و گوتی، "ئەمڕۆ من و جیڵ [خانمی یەکەمی ئەمریکا] پیرۆزبایی نەورۆز لە ملیۆنان خەڵکی جیهان دەکەین کە یادی نەورۆز دەکەنەوە."
 
بایدن لەبارەی نەورۆزەوە دەشڵێت، "نەورۆز کاتی بیرکردنەوە، نوێبوونەوە و لەدایکبوونەوەیە."
 
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد.
 
لەبارەی نەورۆزەوە بلینکن دەڵێت، "نەورۆز لە هەموو ئەوانە پیرۆز بێت کە یادی گەیشتنی بەهار و دەستپێکە نوێیەکان دەکەنەوە." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، "با بەیەکەوە پەیوەندیی خێزانی و بەڵێنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بپارێزین."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یونسکۆ رەتیدەکاتەوە نەورۆزیان وەکو جەژنی نەتەوەیەک دیاریکردبێت و دەڵێت، جەژنی نزیکەی 300 ملیۆن کەسە لە جیهان دا. ئەوە لەکاتێکدایە هەندێک جار لەلایەن هەندێ دەزگای میدیایی رۆژئاواییەوە وەک جەژنی نەتەوەی فارس دەخرایەڕوو.
 
پۆلینا هوارد، بەرپرسی بەشی میدیا لە رێکخراوی پەروەردە و زانست و کولتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان- یونسکۆ لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا نەورۆزیان وەک جەژنی هیچ نەتەوەیەکی تایبەتی دیاریکردووە یان نا، رایگەیاند، کاتێک بۆنەیەکی "پڕ بەهای کولتووری دەخرێتە نێو لیستی پەیماننامەی یونسکۆ تایبەت بە پاراستنی کەلەپووری کولتووریی دەستلێنەدراو، ئەو هەنگاوە واتای ئەوە ناگەیێنێت بۆنەکە تایبەتە بە لایەنێکی دیاریکراو یان خاوەندارییەکەی بۆ یەک لایەن دەگەڕێتەوە."
 
بەگوێرەی یونسکۆ، نەورۆز "لە چەندین کۆمەڵگەی دیکەی وڵاتانی دیکەش پیرۆز دەکرێت و بەگشتی ژمارەی ئەو کەسانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن دەگاتە 300 ملیۆن کەس."

-Rudaw



PM:03:52:20/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌