د.بەرهەم ساڵح وەک هاوکاری باڵا لە زانکۆی هارڤارد،دەستنیشانكرا





زانکۆی هارڤارد: 
د.بەرهەم ساڵح وەک هاوکاری باڵا لە زانکۆی هارڤارد،دەستنیشانكرا
زانكۆی هارڤارد لە بەیانامەیكدا ڕایگەیاند: دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک هاوکاری باڵا لە زانکۆی هارڤارد، سەنتەری بێڵفەر بۆ زانست و کاروباری نێودەوڵەتی و بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کەنەدی سکوڵ دەسنیشاندەکرێت.
کامبریج، ماسەچوسەتس، 22ی مارس 2024-
سەنتەری بێڵفەر بۆ زانست و کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی هارڤارد کەنەدی سکوڵ، بەشانازیەوە دەستنیشانکردنی د. بەرهەم ساڵح، سەرکردەی دیار و رێزلێگیراوی کوردستانی عێراق و سەرۆکی پێشوی کۆماری عێراق، وەک هاوکاری باڵا رادەگەیەنێت. 

د. بەرهەم ساڵح بە باکگراوندی بەرفراوانی لەبواری ئەکادیمیا و خزمەتی گشتیدا، تێگەیشتنێکی قوڵ و ئەزمونێکی دەوڵەمەند دەهێنێت بۆ سەنتەری بێڵفەر بۆ بەرەوپێشبردنی زانیاری پەیوەندیدار بەسیاسەت لەبارەی گرنگترین ئاڵنگاریەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی. 
بە تێگەیشتنی قوڵ و شارەزاییەکەی رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە کۆمەڵگەی فێرخوازان و سەرکردەی خاوەن ئەزمون لە بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەنتەری بێڵفەر بۆ ئەنجامدانی تویژینەوە و فێرکاری لەسەر ناوچەکە و جیهان. 

د. بەرهەم ساڵح بۆ ماوەی دوو دەیە وەکو یەکێک لە گرنگترین کەسایەتیەکان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست خزمەتی کردوە. ئەو هەشتەمین سەرۆکی کۆماری عێراق بووە لە 2018 بۆ 2022، دوابەدوای پۆستەکانی دیكه‌ی وەکو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە (2009-2012) و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە (2004 و 2005-2009)، لەگەڵ چەندین پۆستی دیكه‌دا، تێگەیشتنی قوڵی لە ئاسایش، بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی ئابوری لە هەردوو ئاستی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی کاریگەر دەبێتە مایەی دەوڵەمەندکردنی فرەبابەتی و توێژینەوە و فێرکاری و پڕۆگرامسازی سێنتەری بێڵفەر.
پڕۆفیسۆر مێگان ئۆسولیڤان، بەڕێوەبەری سەنتەری بێڵفەر دەڵێت، "د. بەرهەم ساڵح سەرکردەیەکی خاوەن بەهرەو تێڕوانین و بوێریەکی نائاساییە.

لە چەندین ڕۆڵی جیاوازدا، بەدۆخی قورس و مەترسیداردا تێپەڕیوە، ئەو بەو هەموو ئەزموونانە و ئەو وانانەی کە لێیانەوە فێربووە بۆ ئێمەی دەهێنێت لە سەنتەری بێڵفەر. ئەم تێگەیشتنە قوڵانەی ئەو یارمەتیمان دەدات بۆ باشتر تێگەیشتن لە سروشتی سەرکردایەتی، روداوەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و ڕووداوەکانی پەیوەست بە پەرەسەندنی ڕۆڵی 'هێزەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست' لە جیهانی ئەمڕۆدا. 
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەشڵێت "دکتۆر بەرهەم هەروەها خۆشەویستی بۆ خوێندن و بەرزنرخاندن بۆ خوێندنی باڵا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بۆ هارڤارد، هەروەک لە دامەزراندنی  زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی دا دەردەکەوێت. ئێمە زۆر بەپەرۆشین کە لەگەڵمان وەک هاوکاری باڵا لە زانکۆی هارڤارد کاربکات و بەتامەزرۆیەوە چاوەڕوانی بەشداری زۆر و فرەچەشنی ئەوین".

پڕۆفیسۆر تاریق مەسعود، لە دامەزراوەی فۆرد و پڕۆفیسۆری دیموکراسی و حوکمڕانی و بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت، "د. بەرهەم ساڵح ئەزمونێکی بەنرخ دەهێنێت بۆ سەنتەری بێڵفەر و بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەزمون و لێزانی ئەو وەک سیاسەتمەدار بنیاتنەری دامەزراوە و تێڕوننێکی عەقلانی بۆ ناوچەکە، دەبێتە مایەی بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ئەکادیمی و ڕۆشنبیریمان. هەموومان لە بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپەرۆشەوە چاوەڕوانین بۆ کارکردن لەگەڵ ئەودا بۆ تێگەیشتنی ورد کە یارمەتیدەردەبن بۆ کردنی ناوچەکە بە هەرێمێکی ئاشتیخواز و گەشەکرد و ئازاد".

د. بەرهەم ساڵح بە هەمان ئەندازە شوێنپەنجەیەکی بەرچاوی بەجێهێشتووە لە خوێندنی باڵادا. ئەو زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی (AUIS)، لە 2007 دامەزراندوە و ئێستا وەکو سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆکەیە. لەژێر سەرکردایەتی ئەودا، زانکۆی زانکۆی ئەمریکی لەعێراق، سلێمانی وەکو یەکێک لەو دامەزراوە دەگمەنانە دەبینرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تەرخانکراوە بۆ توێژینەوەی کراوە لە ژینگەیەکی فرەچەشندا بە ئامانجی راهێنانی خوێندکاران بۆ سەرکردایەتی لە بواری هونەرە لیبڕاڵەکاندا.

هاوکاری د. بەرهەم ساڵح جەخت دەکاتەوە لەسەر پابەندبوونی سەنتەری بێڵفەر بۆ هاندانی کۆمەڵگەیەکی فرەچەشن و لەخۆگرتووی خوێندکاران و شارەزایان و خۆتەرخانکردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان كه‌ روبەڕوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئەمڕۆ دەبنەوە.


PM:12:05:24/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌