ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە خولێکی راهێنانی میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو و سندووقی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان ئامادەبوون، خولەکە بۆ خانمانی رۆژنامەڤانانی ناوچە جیاجیاکانی عێراق کراوەتەوە و بە درێژایی ساڵێک بەردەوام دەبێت.
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، ئەمڕۆ (دووشەممە، 1-4-2024) لەرێگەی پێگەی فەرمییان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند؛ خۆشحاڵ بوون بە ئامادەبوونی ستافەکەیان لە راهێنانەکەدا.
ئەم خولەی رووداو لە 17 بۆ 21ـی ئادار بەردەوام بوو، تێیدا 24 خانمە رۆژنامەڤانی سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەریان بە ئامادەبوونی ستافێکی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا بەشدار بوون.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا نووسیویەتی "لەم دیدارەدا گفتوگۆمان لەبارەی ئازادیی میدیا لە هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ باشترکردنی دۆخی رۆژنامەڤانان و لەنێویشیاندا خانمانی رۆژنامەوان کرد، کە رۆڵێکی بنەڕەتی دەبینن لە کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراسیدا."
لە ماوەی 12 مانگدا تۆڕی میدیایی رووداو بە هاوبەشی لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، راهێنان بە زیاتر لە 300 ژن لە سەرانسەری عێراق دەکات.
مانگی یەکەم راهێنانەکە تایبەت بوو بە پارێزگای هەولێر، پاشان پارێزگای بەغدا، سێیەم راهێنانیش تایبەت بوو بە کچان و ژنان لە پارێزگای نەینەوا.
ئامانجی راهێنانەکە درێژەدانە بە هەوڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پاڵپشتیکردن و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، کە لە ساڵی 2015ـەوە بووەتە پلان و ئامانجێکی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سەرچاوە/ ڕووداو