وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، ئاگاداری هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە عێراقییەكانین بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد لە هەرێمی كوردستان.
رۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) ماتیۆ میلـەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەردانی باڵیۆزی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تێدەگەین لەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتداران و پارتە سیاسییە عێراقییەكان چالاكانە كاردەكەن بۆ هەنگاوی داهاتوویان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەشکرد، هانی ئەو هەوڵانە دەدەن بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە و ئازاد و زۆر باش لە هەرێمی كوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای رۆژێک لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە (31ـی ئاداری 2024) ئهلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئهمهریكا له عێراق رایگەیاند: "لەپێناو بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنێكی پاك و شهفاف له نزیكترین كاتدا، هانی پارتی دیموكراتی كوردستانم دا، كار لهگهڵ تهواوی پارته سیاسییهكانی هەرێمی كوردستان و بهغدا بكات".
ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
ڕۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد کە ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بهپێى فهرمانهكه ههموو لايهنه پهيوهنديدارهكان پابهند دهبن به ئهنجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و ههماههنگىی لهگهڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنهكانی عێراق بۆ جێبهجێكردنى فەرمانەکە، کە لە ڕۆژى دهرچوونييهوه جێبهجێ دهكرێت.
پێشتریش لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.
سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ماددەکانی 1، 9، 15، 22 و 36) تۆمارکرابوو کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوون. ئەمەش بووە جێی نیگەرانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان کە دژی ئەوەبوون کورسی کۆتای پێکهاتەکان کەمبکرێتەوە یاخود دابەش بکرێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریاندە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
-K24