ئاوازدانەر کەوکەب حەمزە لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دواییکرد




کەوکەب حەمزە، ئاوازدانەری کوردی فەیلی، لە تەمەنی 80 ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دانیمارک کۆچی دواییکرد.
 
کەوکەب حەمزە کە وەک هونەرمەندێکی عێراقی ناسراوە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی، گەیێندرایە نەخۆشخانە و رۆژی سێشەممە 2ـی نیسانی 2024 گیانی لەدەستدا.
 
ئەو ئاوازدانەرە لە 1944 لە ماڵباتێکی کوردی فەیلی لە بابل لەدایکبووە، دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدایە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو وەک ژەنیارێک لەسەر ئاستی عێراق ناوبانگی پەیداکردووە، دیارترین ئاوازی بۆ گۆرانییەکانی "یا نەجمە" و "یا تیور ئەلتایرە"ـی سەعدوون جابر، هونەرمەندی عێراقی داناوە. 
 
ئەو هونەرمەندە لە 21ـی ئەیلوولی 1974 عێراقی جێهێشتووە، دواتر رووی لە چیکسلۆڤاکیای و یەکێتی سۆڤێتی ئەو سەردەمە کردووە، پاشان لە ئازەربایجان خوێندوویەتی و لە نێوان باشووری کوردستان، سووریا و ئەمریکا هاتووچۆی کردووە و دواجار لە 1989 لە دانیمارک نیشتەجێبووە.
 
کەوکەب حەمزە، ئاوازی بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی عێراقی داناوە، لەوانە، سەعدوون جابر، حسێن نەعمە، ستار جەبار، فازڵ عەواد، کەریم مەنسوور و فوئاد سالم، هەروەها ئاوازی بۆ ئەساڵە نەسری، هونەرمەندی سووری و عەبدوڵڵا روەیشد، هونەرمەندی کوەیتی داناوە، جگە لە چەندین ئاواز بۆ بەرهەمی سینەمایی و تەلەڤزیۆنی.

-Rudaw



AM:10:22:03/04/2024




ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌