یەکەم کارمەندی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە کوژرا




نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت بۆ یەکەمجار کارمەندێکی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە کوژرا.
 
رۆژی دووشەممە (13ـی ئایاری 2024) فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆر نیگەرانە لە کوژرانی کارمەندێکی بەشی ئەمن و ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە. 
 
کارمەندەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک کوژراوە، کە کاروانێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ویستوویانە سەردانی نەخۆشخانەی ئەورووپی لە شاری رەفەح بکەن. 
 
تائێستا ناسنامەی کوژراوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 'ئەوە یەکەمجارە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، کارمەندێکی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکوژرێت.'
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا 190 کارمەندیان لە غەززە کوژراون، کە زۆربەیان کارمەندی ئاژانسی ئۆنروا بوون. 
 
لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی لەگەڵ چەکدارانی حەماسدا هەیە.
 
لە شوباتی ئەمساڵدا UNRWA رایگەیاند، بەهۆی گومانکردن لێیانەوە، چەندین کارمەندییان لە غەززە لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، هەریەکە لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا و فینلاند یارمەتییەکانیان بۆ UNRWA راگرتووە.
 
ئۆنروا 13 هەزار کارمەندی لە غەززە هەیە و لە 2.4 ملیۆن خەڵکی غەززە، دوو ملیۆن کەس پشت بە هاوکارییەکانیان دەبەستن.
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کردووە حەماس و ئیسرائیل ئاگربەست رابگەیێنن، ئەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی فەلەستینییەکان رووبەڕووی برسیێتیی تەواو بوونەتەوە.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. تەندروستیی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 35 هەزار کەس لە غەززە کوژراون و ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و 170 کەس کوژراون.

-Rudaw



AM:10:31:14/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌