نەتەوە یەکگرتووەکان: 450 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارە بوون




نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، لە 6ی ئەم مانگەوە تائێستا، نزیکەی 450 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارە بوون.
 
رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024 ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان، ناسراو بە UNRWA، لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی لە دۆخی رەفەح دا و گوتی، "ئەگەر ئیسرائیل هیرشێکی فراوان بۆ سەر شارەکە بکات، ژمارەیەکی زۆرتری فەلەستینییەکان ئاوارە دەبن."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 6ی ئەم مانگە ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی رۆژهەڵاتی رەفەح کرد شارەکە جێبهێڵن. لەو کاتەوە ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ سەر شارەکە دەکات.
 
هەرچەندە تائێستا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی رەفەحی دەستپێنەکردووە، بەڵام هەفتەی رابردوو سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان، دەروازەی سەرەکیی شارەکەی لەگەڵ میسر کۆنترۆڵ کرد.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی "خەڵکی غەززە رووبەڕووی ماندوێتی، برسێتی و ترس بوونەتەوە و هیچ شوێنێکی سەلامەتیان نییە بۆی بڕۆن. دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیێندرێت."
 
ئیسرائیل داوای لە خەڵکی رەفەح کردووە شارەکە بەرەو ناوچەی (ئەلمەواسی) لە کەناراوەکانی باکووری رۆژئاوای غەززە چۆڵ بکەن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامادەی ئەوە نین ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک بە سەلامەتی بەرەو ئەو ناوچەیە بگوازنەوە.
 
سەرەڕای گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل چەند تانکێکی بەرەو باشووری شاری رەفەح نارد، کە هاوسنووری میسرە و دەکەوێتە دوایین خاڵی باشووری غەززە و دەروازەیەکی سنووریی ئەو شارەی داخست، کە هاوکاری و سووتەمەنیی پێدا تێپەڕ دەبوو.
 
سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە، دەروازەی رەفەحیان لە دیوی غەززەوە کۆنترۆڵ کردووە.
 
هەرچەندە لە سەرەتای ئەم مانگە بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بە پێشنیازی نێوەنگیرەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست رازی بووە، بەڵام ئیسرائیل رەتیکردەوە کە بەو شێوەیە بە ئاگربەست رازی ببن.
 
لە دەقی پێشنیازەکە ئاماژە بە وەستاندنی جەنگ، ئازادکردنی بارمتە و بەندکراوەکانی هەردوولا، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە و لابردنی ئابڵوقەی سەر غەززە کرابوو.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. تەندروستیی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 35 هەزار کەس لە غەززە کوژراون و ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و 170 کەس کوژراون.

-Rudaw



AM:11:17:15/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌