توێژینەوەیەک: جیهان دەستکەوتی گەورەی لە بواری وزەی پاکدا بەدەستهێناوە




بەپێی توێژینەوەیەکی  دامەزراوەی ئیمبەر بۆ توێژینەوەی وزە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا جیهان دەستکەوتێکی نوێی لە بواری وزەی پاکدا بەدەستهێناوە، بەو پێیەی زیاتر لە ٣٠٪ی پێداویستییەکانی کارەبا لە سەرچاوە نوێبووەکانەوە بەرهەمهێنراوە، کە دیارترینیان وزەی خۆر و بایە.

دامەزراوەکە ڕایگەیاندووە؛ هەسارەکەمان گەیشتووەتە "خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ” بەرەو وەرگرتنی وزەی پاک، پێشبینیش دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ئەوەی دابەزین لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین لە جیهاندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا بهێنێتە ئارا و بە ڕێژەیەکی زۆر خێراتر ئاستی ئەو بەکارهێنانەش دادەبەزێت لە ساڵانی داهاتوودا.

دامەزراوەکە، ئەم دەستکەوتەی بە هەنگاوێکی گەورەی زانیوە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی جیهانی کە تا ساڵی ٢٠٣٠ لەسەدا ٦٠ی کارەبا لە سەرچاوەی وزەی پاکەوە بەرهەمبهێنرێت.

بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی ئیمبەر بۆ توێژینەوەی وزە، لە ساڵی ٢٠٠٠، سەرچاوە نوێبووەکان کەمتر لە ١٩٪ی تێکەڵەی وزەی جیهانییان پێکدەهێنا، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٣٠٪ پێکدەهێنن و ئەگەر وزەی ئەتۆمی لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا ئەم ڕێژەیە دەتوانێت باز بدات بۆ ٤٠٪.

دامەزراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ هەرچەندە گەرمبوونی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣دا چووە ئاستێکی بێ وێنە، بەڵام چڕی کاربۆنی کەرتی کارەبا (بڕی کاربۆن کە لە لایەن هەر یەکەیەکی کارەباوە بەرهەم دێت) بۆ ئاستێکی باش دابەزیوە بەهۆی زیادبوونی پشتبەستن بە سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە لە ماوەی ئەو ساڵەدا.

لەبەرامبەردا پشکی سووتەمەنی بەردین لە تێکەڵەی وزەی جیهانیدا ساڵی ٢٠٠٠ لە ٦٤.٧٪ و  لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٦٠.٦٪ دابەزیوە و ئیمبەر پێشبینی دەکات ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ٥٧.٦ ٪ لەگەڵ دەستپێکردنی کارپێکردنی سیستەمی نوێی وزەی خۆر کەم ببێتەوە.

بۆ ١٩ ساڵی لەسەریەک، وزەی خۆر نوێنەرایەتی خێراترین سەرچاوەی نوێبووەوە دەکات، بەجۆرێک ڕێژەی زیادبوونەکەی لە ٢٨.٨٪ بووە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٣ لەکاتێکدا لەسەدا ١٣.٨ بۆ وزەی با، لەسەدا ٥.٦ ​​بۆ وزەی بایۆلۆجی و لەسەدا ١.١ بۆ وزەی کارۆئاوی بووە لە هەمان ماوەی ئەو ساڵانەدا.

لە ڕاپۆرتی توێژینەوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، زۆربەی سیستمی نوێی وزەی خۆر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ دانراون.

هەرچەندە خەڵوز و گاز هێشتا گەورەترین ڕێژەی تێکەڵەی وزەی ساڵی ڕابردوویان پێکهێناوە، بەڵام ڕێژەی گەشەکردنیان زۆر کەمترە بەرامبەر وزەی خۆر و با لە هەمان ماوەی ساڵدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر کارەبا لە ساڵی ٢٠٢٤ بەدواوە بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیا و بەرهەمە مۆدێرنەکان، وەک سیستەمی زیرەکی دەستکرد، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پرۆسەکانی ئەلکترۆنیزە کە لە بەرهەمهێنانی هایدرۆجینی سەوزدا بەکاردەهێنرێن.

-Xelk


PM:02:05:15/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌