چات جی پی تی لەڕێگەی سیستمێکی نوێوە زیرەکتر دەبێت




کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، خاوەنی چات جی پی تی، زیرەکی چاتبۆتەکەی بە مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکرد زیاترکردووە، کە دەتوانێت بە ئاسانی لە تێکست، وێنە، ڤیدیۆ و دەنگ تێبگات.

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، لە ئیڤێنتێکی ئۆنڵایندا و لە رۆژی دووشەممە، 13ی ئایاری 2024، مۆدێلێکی نوێی ژیریی دەستکردی راگەیاند بە ناوی جی پی تی فۆر ئۆ (GPT-4o).

جی پی تی فۆر ئۆ، چەند تایبەمەندییەکی نوێی هەیە، کە لە مۆدێلەکانی دیکەی ئۆپن ئەی ئایدا بەو شێوەیە پێشکەوتوو نەبووە، لە خوارەوە باسێک لە تایبەتمەندییە نوێکانی مۆدێلەکە دەکەین:

گفتوگۆی راستەوخۆی دەنگی ئەنجامدەدات

مۆدێلی چات جی پی تی فۆر ئۆ، تیشکی تەواوی خستووەتە سەر گفتوگۆی دەنگی راستەوخۆ، واتە کاتێک قسە لەگەڵ چاتبۆتەکە دەکەیت دەتوانێت بە تۆنێکی گونجاو وەڵامت بداتەوە، تەنانەت ئەتوانیت داوایلێبکەیت تۆنی دەنگی بەرز یان نزم بکاتەوە، هەروەها ئەتوانیت لە نیوەی قسەکانیدا بیوەستێنیت، چاتبۆتەکە بەشێوەیەکی گشتی قسەکردنیکی زۆر سروشتی هەیە، تایبەتمەندی گفتوگۆی راستەوخۆی دەنگی تەنیا بۆ بەشداربووانی پڵەس بەردەستە.

توانای بینینی باشتر و پشتگیری فرەزمان دەکات

جی پی تی فۆر ئۆ، دەتوانێت لەڕێگەی وێنە و سکرینشۆتیشەوە وەڵامی پرسیاربداتەوە، بۆ نموونە لە رێستۆرانتێکدا دانیشتویت سەیر ئەکەیت لیستی خواردنەکان بە زمانی ئیتاڵییە، ئەتوانیت چاتبۆتەکە بەکاربهێنیت و لیستی خواردنەکانی پیشانبدەیت، ئەویش وەریدەگێڕێتە سەر ئەو زمانەی کە تۆ داوای لێدەکەیت.

دەتوانێت تێکستی جیاواز بخوێنێتەوە

چات جیپیتی فۆر ئۆ، دەتوانێت لەڕێگەی وێنەی تێکستێکەوە کە بە دەست نووسرابێت، یان شێوازێکی نووسینی جیاوازی پیشانبدەیت، تێکستەکەت بە بێ کێشە و هەڵە تێگەیشتن جارێکی دیکە بۆ بنوسێتەوە، واتا توانای تێگەیشتنی لە دەست و خەتی جیاواز هەیە.

سیستمەکە جگەلە وەشانی وێب، ئێستا ئەپڵیکەیشنەکەی بۆ سیستمی ماکیش زیادکراوە و سنووردارکراوە بۆ بەشداربووانی پڵەس، پێشبینیدەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 بۆ ویندۆزیش بەردەستبێت.

-Channel8



PM:02:07:15/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌