دەستگیركردن و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن رەتدەكەینەوە




سلێمانی، 19ی ئایاری 2024: پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە گەڕانەوەیە بۆ دواوە، دەبوو لە كەیسی رۆژنامەنوس شاكار ستار، پۆلیس لێكۆڵینەوە بكات نەك دەزگای ئاسایشی هەرێم.

بە پێی لێدوانی هاوسەری ( شاكار ستار) بۆ میترۆ، هێزێكی ئەمنی شەوی رابردوو لە كاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و لە بازگەی ئاشتی/كۆیە لە لایەن هێزێكی ئەمنی لەگەڵ هاوسەرەكەی شاكار ستار دەستگیركراون " لەگەڵ  دوو مناڵەكەم كە یەكیان تەمەنی ساڵێك و نیوەو ئەویتریان 6 ساڵانە بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە كۆیەوە تا ئاسایشی سلێمانی براون بەڵام ئێمەیان ئازاد كرد".

سەنتەری میترۆ پاش پەیوەندیكردن بە هەندێ لایەنی بەرپرس، چاوەڕوانی ئەوە بوو، رۆژنامەنوس شاكار ستار، بە كەفالەت ئازاد بكرێت، بەڵام لەبری ئازادكردنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند" بە مادەی 226  لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە".

دەربارەی ئەم كەیسە دەزگای ئاسایشی هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە ، هەموو تۆمەتەكان كە ئاراستەی شاكار كراوە "ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بۆ چەند زنجیرە ڕاپۆرتێكە" كە بە "ناڕاست و چەواشەكار" بۆ پەیجێكی نافەرمی وەسفدەكات و بەبڕیاری دادوەر بە مادەی 226  لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.

بەپێی راگەینراوەكە سكاڵاكەر كە دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەر خۆی  لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەكات.

ئایا دەكرێت لە "تاوانەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە" لایەنی سكاڵاكەر خۆی پرۆسەی دەستگیكردن و هەر خۆی پرۆسەی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدات؟
پاشان بۆچی دەزگای ئاسایشی هەرێم هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەوە نەداوە كە بۆچی  دوو مناڵ و هاوسەری شاکار بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە كۆیەوە تا بەردەم ئاسایشی سلێمانی براون؟
لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار رێنمایی بۆ دەزگای ئەمنی دەرچووە، كە  كەیسەكانی  تایبەت بە بڵاوكردنەوە، جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش لەگەڵ رۆژنامەنوس، ترساندن و تۆقاندنی خێزانەكەی بە توندی ئیدانە دەكات، داوا دەكات بە كەفالەت ئازاد بكرێت و كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس و مادە یاساییەكەی بگۆڕی بۆ مادەكانی یاسای رۆژنامەگەری.

میترۆ  ساڵانێكە كەمپین دژ بە زانیاری ناڕاست و هەواڵی چەواشە دەكات، بەردەوامیش جەخت لەوەدەكاتەوە كە  رۆژنامەنوسان بەدەرنین لە هەڵەی پیشەی و كاریگەری سیاسییەوە، داواش دەكات هەر هاوڵاتی و دەزگایەك كە بە راپۆرت و هەواڵی رۆژنامەنووسان زەرەرمەند دەبێت پەنا بۆ یاسای رۆژنامەگەری ببات نەك یاسایەكی تر.





AM:10:16:20/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌