هەژماری سی ئێن ئێن لە تیکتۆک هاککرا




لە هێرشێکی ئەلکترۆنیدا بۆسەر پلاتفۆرمی ڤیدیۆیی تیکتۆک، چەندین هەژماری کەسایەتیی بەناوبانگ و براندە جیهانییەکان هاککران و لەناویشیاندا  تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی تێدایە.

گوتەبێژێک بەناوى پلاتفۆرمى تیکتۆک رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنەکەیان رێوشێونی گرتووەتەبەر بۆ راگرتنی هێرشە ئەلکترۆنییەکە و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان.

گوتیشی، لە نزیکەوە هاوکاریی سی ئێن ئێن دەکەن بۆ گەڕاندنەوە و دەستڕاگەیشتنەوە بە هەژمارەکەیان و جێبەجێکردنی رێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی داتاکانی هەژمارەکەیان.

پلاتفۆرمەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەژمارانەی مەترسییان لەسەرە "زۆر کەمن" و لەگەڵ خاوەنی هەژمارە زیانلێکەوتووەکان کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی هەژمارەکانیان.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزارى سەرچاوەیەک لە تیکتۆکەوە رایگەیاندووە، لەناو هەژمارە هاککراوەکاندا پاریس هیڵتۆن، بازرگان و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی کراوەتە ئامانج، بەڵام پشتڕاست نەکراوەتەوە.

تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسی چینییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەیاسایەک کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە پەسەندکرا بۆ قەدەغەکردنی ئەپەکە لە سەرانسەری وڵاتدا، ئەوەش نیگەرانیی تیکتۆکى لێکەوتەوە.

-channel8



AM:10:28:11/06/2024




ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌