کۆمەڵەی کۆلێژەکانی تەندروستیی گشتی لە ئەورووپا: خوێندکارانی خوێندنی باڵای کوردستان وەردەگرین




کۆلێژەکانی تەندروستیی گشتی لە کیشوەری ئەورووپا لە کۆنفرانسی ساڵانەیاندا رایدەگەیێنن، ئامادەن خوێندکاری خوێندنی باڵا لە تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن.
 
کۆنفرانسی تەندروستیی گشتیی کیشوەری ئەورووپا لە پۆرتوگاڵ بەسترا، کۆنفرانسەکە ساڵانە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و بۆ ئەمساڵ لە شاری پۆرتۆی پۆرتۆگال کۆتایی بەکارەکانی هێنا، تێیدا نوێترین توێژینەوە زانستییەکان، داهێنانە تەندروستییەکان و گۆڕانکارییە نوێیەکانی تەندروستیی گشتیی باسکران.
 
ئەم کۆنفرانسە لە لایەن ئاسفێر ASPHER بە واتای کۆلێژەکانی تەندروستیی گشتیی کیشوەری ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و لووتکەی تەندروستیی کوردستان وەکو هاوبەش لەگەڵ ئاسفێر بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشت کرابوو. 
 
نوێنەری لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە کۆنفرانسەکە داوای لە کۆلێژە ئەندامەکانی کۆمەڵەکە کرد، خوێندکاری خوێندنی باڵای تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن، کۆمەڵەکە بە فەرمی ئامادەیی خۆی دەربڕی کە لەڕێگەی زانکۆکانیانەوە لە سنووری کیشوەرەکە خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە بواری تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن. 
 
کۆمەڵەی کۆلێژەکانی تەندروستیی گشتی لە کیشوەری ئەورووپا ناسراو بە ''ئاسفێر'' کار لەسەر باشترکردن و پاراستنی تەندروستیی گشتی دەکات لەڕێگەی بەهێزکردنی هۆشیاریی تەندروستی، خوێندنی باڵا، باشترکردنی یاسا و رێسا تەندروستییەکان و راهێنانە پیشەییەکانی تەندروستیی گشتی.
 
کۆمەڵەی ئاسفێر لە 140 ئەندام پێکدێت و لووتکەی تەندروستیی کوردستان نوێترین هاوبەشیێتی.

-Rudaw



PM:03:56:11/06/2024




ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌