رێكخەری تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایگەیاند، پشتیوانی لە بڕیاری دادگای سلێمانی بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی بۆ بكوژی هونەرمەندی لاو خواناس وریا دەكەن و بە هەنگاوی گرنگی دادەنێت لە كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا.
ئەمڕۆ سێشهممه 25ی حوزهیرانی 2024، دادگای سلێمانی بڕیاری زیندانیكردنی هەتا هەتایی بۆ بكوژی خواناس وریا دەركرد، ئەو گەنجە هونەرمەندەی رۆژی 22ی حوزەیران 2023 لە سەنتەری قەزای چەمچەماڵ (60 كم خۆرئاوای سلێمانی) چەكدارێكی ماتۆڕسوار، بە دەستڕێژی گولـلە تیرۆریكرد.
پارێزەری دۆسیەی خواناس وریا ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: "ئەمڕۆ دادگا بڕیاری كۆتایی دەركرد و تۆمەتباری سزادا بە زیندانیكردنی بۆ هەتا هەتایی بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ژمارە (3)ی ساڵی 2006ی هەرێمی كوردستان".
وریا گلی، باوكی خواناس رایگهیاند: "ئێمە تانەی لێدەدەین و دەبوو سزای قورستر بدرێت، چونكە بكوژ هاندەر و هاوكاری هەبوە لە تاوانەكەدا".
شایی ئاسۆ، رێكخەری تۆڕی هاوپەیمانی 19 بە وێستگەنیوزی راگەیاند: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی سەلامەت بۆ رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان چالاكوانان بڕەخسێنێ لە دەربڕین و داهێنان بە سەلامەتی و بەبێ ترس لە تاوانباركردن ئازاردان تۆڵەسەندنەوە.
وتیشی: "رێگای راست وەڵامدانەوەی وشە بە وشەیە نەك پەنابردن بۆ چەك و تۆڵەسەندنەوە"، جەختیكردەوە، "پشتیوانی لە بڕیاری دادگای سلێمانی بە زیندانیكردنی بكوژی هونەرمەندی لاو خواناس وریا دەكەین و بە هەنگاوی گرنگی دەزانین لە كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا".
ههروهها تۆڕهكه دهستخۆشی له ههموو پارێزهرو چالاكوان و رێكخراوانه دهكات كه به ماندووبوون و پهرۆشیان لهو دۆسیهیه، ئهم ئهنجامهی لێكهوتهوه.
تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی، تۆڕێكه ئەركی چادێریكردنی مافی مرۆڤە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات. ئەم تۆڕە لەگەڵ داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەكانی میدیا، كاردەكات، بۆ چاودێری و بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستانی عێراق.