راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بابەتی گفتوگۆی میترۆ بوو




سەنتەری میترۆ میوانداری نوسەر (سەنگەر رەسوڵ)ی كرد بۆ شیكردنەوە و گفتوگۆكردن لە بارەی راپۆرتی ساڵی 2023ی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە لە نیسانی ڕابردودا بڵاوكرایەوە.

سەنگەر لەو پەیپەرەی بۆ دیدارەكەی ئامادە كردبوو دەڵێت: لەساڵی ١٩٧٧ەوە وەك نەریتێك كۆنگرێسی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر وەزارەتی دەرەوەی ووڵاتەكەی ئەوەی چەسپاندووە، لەژێر رۆشنایی بەندەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ ساڵانە دەبێت راپۆرت لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەكانی و مافی كاركردن و ژینگەی كاری میدیایی و هەماهەنگی حكومەتەكان زیاتر لە ٢٠٠ ووڵات و هەرێم پێشكەش بكات. 

لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتەكەشدا كە بە راپۆرتی پراكتیزەكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ووڵاتان ناسراوە (Country Reports on Human Rights Practices) 
لە چوارچێوەی ڕاپۆرتەكەشدا شەن و كەوی بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان و پێوەرەكانی دیكەی پەیوەست بە كاری راپۆرتەكەوە لەسەر عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كراوە.

لەوانەیە بۆچوونی باوی زۆرینە ئەوەبێت كە ئەم راپۆرتە وەك رۆتینێكی ساڵانە و بێ كاریگەر و دووبارە لێكدانەوەی بۆ بكرێت. 
بەڵام لە ڕاستیدا ئەم راپۆرتە لەسەر دوو ئاست كاریگەری تەواوەتی لەسەر پێگەی دەوڵەت و هەرێم دروست دەكات و ئەم كاریگەرییانەش ١- لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێناسەی ڕاستەقینەی حكومەتەكە دەردەخات وەك باجێك كە ئایا مافی مرۆڤ تێیدا ڕێزلێگیراوە؟ ئازادییەكان فەراهەم كراون؟ هەمووتاكێك یەكسانە و دادگاكان سەروەرن؟ ٢-لەسەر ئاستی ناوخۆیشدا گرنگی گەورەی هەیە؟ بەوەی كە دەستنیشانی جۆری نەخۆشیەكانی حكومەت و سیستمی بەڕێوەبردنەكانی كردووە لەبارەی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكانی و پاراستنی شكۆ و سەربەخۆیی تاك و سەروەری یاسا.

راپۆرتی ساڵانەی مافی مرۆڤ، بە بەڵگەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی نزیكەی 200 وڵات و ناوچەی جیهان دەكات و بەپێی یاسا بۆ كۆنگرێسی وڵاتەكەی دەینێرێت.

لەو راپۆرتەدا لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە رایگەیاندووە "دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر بووە." 
 كە تیایدا هاتووە: "بەهۆی زیادبوونی سنووردارییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان بۆ ئازادییە بنەڕەتییەكان و كەشی مەدەنی، لە ماوەی ساڵی رابردوودا دۆخی مافەكانی مرۆڤ خراپتر بوون."

راپۆرتەكە زانیاری لە چەندین سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە وەردەگرێت، لەوانە ڕاپۆرتی دەزگا حكومییەكان، ڕێكخراوە ناحكومییەكان و میدیاكان.

سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق، باسی لە بێتوانایی دەسەڵاتی مەدەنییە لە كۆنتڕۆڵكردنی كاریگەرانەی هەندێك توخمەكانی هێزە ئەمنییەكان كردوە، بەتایبەتی ئەو هێزانەی هاوپەیمانی ئێرانن جەختدەكاتەوە كە چەندین پێشێلكاری بەڵگەداریان ئەنجامدا.

سەنگەر رەسوڵ ماستەری لە پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی شیفێڵد وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێناوە 
٢٠١٩-٢٠١٨ وانەكانی حوكمڕانی باش و مافی مرۆڤ و بنەماكانی دیموكراسی ووتوەتەوە.

٢٠١٨ نوێنەری ووڵاتی عیراق بووە هاوشان لەگەڵ نوێنەرانی ٢٦ دەوڵەتی دیكەی جیهان بۆ چاودێری هەڵبژاردنە ناوەندییەكانی ئەمریكا.
لە ٢٠٠٥ ەوە نووسەر و توێژەری سەربەخۆیە بۆ ژمارەیەك دەزگای جیاوازی میدیا دەنووسێت.

لە ٢٠١٧ ەوە خۆبەخشانە وەك ئەندامێكی بۆرد كاری كردووە لەگەڵ رێكخراوە ناحكومییەكانی ستۆپ و ناوەندی كەلتووری چۆمام و دەزگای میدیایی ستاندارد.

لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە تاوەكو ئێستا وەك مشاوری سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان كار دەكات.

فۆتۆ: هۆزان کەمال

#pressfreedomdom
#میترو_حریة_الصحافة
#metrocenter
#میترۆ_ئازادی_رۆژنامەگەری

03.06.2024


PM:02:34:30/06/2024




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌