لێبووردنی نێودەوڵەتی داوا دەکات هەنگاوی زیاتر بۆ پاراستنی ژنانی قوربانیی تووندوتیژیی خێزانی بگیرێتەبەر




رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە ئەنجامدەرانی ژمارەیەک لە تووندوتیژییە خێزانییەکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، جووڵەی ئەو کەسانە سنووردار دەکرێت کە رزگاربووی تووندوتیژییەکانن و دەیانەوێت پەنا بدرێن.
 
رۆژی چوارشەممە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، راپۆرتێکی تایبەتی لەبارەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان "شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکان، وەک کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سووتاندن رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە. ئەوان هەروەها جووڵەی ئەو کەسانە سنووردار دەکەن کە داوای پاراستن لە پەناگەکان دەکەن."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئامارە فەرمییەکانی حکومەت دەریدەخەن کە لەساڵی 2023دا لانیکەم 30 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و لەساڵی 2022ش 40 ژن کوژراون، بەڵام کارمەندانی رێکخراوە ناحکومییەکان ئاماژەیان بەوەداوە، دەکرێت ئەو ژمارەیە لەوە زیاتر بێت.
 
راپۆرتەکەی ئەمنێستی ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان "ویستی سیاسییان نییە بۆ لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنی بکەرانی تووندوتیژی خێزانی یان پێشکێشکردنی پاڵپشتی واتادار بۆ ئەو ژن و کچانەی کە پەنا دەبەنە بەر دەوڵەت بۆ پاراستن."
 
ئایا مەجزووب، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی ئەمنێستی دەڵێت، "رزگاربووانی تووندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق زۆرجار دەست بە روویانەوە دەنرێت. ئەو ژن و کچانە بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و ئەوەش وا دەکات لە مەترسیدا بن، ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکان بێ سزادان دەگەڕێن."
 
لەدرێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە رزگاربووانی تووندوتیژییەکان ناچارن خۆیان سکاڵا دژی بکەران تۆماربکەن و ئەو کاتیش ژمارەیەکیان "رووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە و هەڕەشەکردن" لەلایەن خێزانی بکەرانەوە دەبنەوە.
 
ئەمنێستی پڕۆسەی دادگەیی بۆ ئەو کەیسانە بە "دوورودرێژ و خاو" ناودەبات و ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی کات "دادوەرەکان لایەنگری ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکە دەکەن و هەوڵی پێکەوەهێشتنەوەی خێزانەکان دەدەن، لەبری ئەوەی هەوڵی پاراستنی ژنەکان بدەن."
 
ئەمنێستی داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات بەپەلە کۆتایی بە دیاردەی نەبوونی لێپێچینەوە بۆ بکەرانی تووندوتیژی خێزانی بێنن؛ هەروەها داوا دەکات هاوکاری دارایی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت و دۆخی شێڵتەرەکانیش بۆ ئەوانەی رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە باشتر بکرێت.
 
ئەمنیستی دەڵێت، بۆ ئەو راپۆرتە چاوپێکەوتنی لەگەڵ 15 ژن کردووە کە ژمارەیەکیان رزگاربووی تووندوتیژی خێزانین، ئەوانی دیکە کارمەندی ئەو بوارە و بەرپرسانی حکومین؛ هەروەها سەردانی شێڵتەرەکانیشی کردووە.
 
-Rudaw


AM:11:02:03/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌