میترۆ لە بەریتانیا : با رۆژنامەنووسە حومكدراوەكان ئازاد بكرێن
نوێنەری سەنتەری میترۆ لە بەریتانیا داوای كرد رۆژنامەنووسە حومكدراوەكان ئازاد بكرێن، هیچ حوكمدراوێك لەسەر نوسینی بیڕوڕا لە گرتوخانەكانی هەرێمی كوردستاندا نەمێنێت، حوكمەكانیان لەسەر لاببرێن.
قسەكانی چیا ئەسعەد، نوێنەری سەنتەری میترۆ لە چالاكییەكە بوو، لە شاری بێرمینگهام، بۆ یادی 16 ساڵەی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە رێكخرابوو.
رۆژی یەكشەممە، 21ی تەمموزی 2024 ڕێكخراوی 17ی شوبات بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە شارەكانی (لەندەن، گڵاسگۆ، بێرمینگهام، مانچستەر و نیوكاسڵ) چەند چالاكییەكی بۆ ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە رێكخست.
لەو چالاكییەدا نوێنەری سەنتەری میترۆ لە بەریتانیا داوای كرد رۆژنامەنووسە حومكدراوەكان ئازاد بكرێن، هیچ حوكمدراوێك لەسەر نووسینی بیڕوڕا لە گرتوخانەكانی هەرێمی كوردستاندا نەمێنێت، حوكمەكانیان لەسەر لاببرێن.
هەروەها ووتی " كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە، نووسین، رەخنە، تەنز، وێنەی كاریكاتێر، بەدواداچوون و راپۆرتی بنكۆڵكاری، جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنووس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت" جەختیكردەوە " راپۆرتەكانی رێكخراوە بیانی و ناوخۆییەكانی داكۆكیكار لەمافی رۆژنامەنووسان و مافەكانی مرۆڤ كە تایبەتن بەپێشێلكاری و لادان، لەلایەن حكومەتەوە بەهەند وەربگیرێن و لە بری وەڵامدانەوە و رەتكردنەوەو نكۆڵیكردن، كار لەسەر نەهێشتنیان بكرێت"
چالاكییەكان بە درووشمی (سۆران وەك یەكەمین شەهیدی قەڵەم)، لە كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆ بە ئامادەبوونی كوردانی دانیشتووی بەریتانیا دەستیپێكرد.
تیایدا وتاری بنەماڵەی شەهید سۆران، وتاری ڕێكخراو لە لایەن ڕێكخەرانی گرد بوونەوەكەوە خوێنرایەوە ، كورتەیەك لە ژیانی شەهید سۆران و چەندان چالاكیی تر، پێشكشەش كران.