پلاتفۆرمی 'تاوانی دژی ژنان بوەستێنین' راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵدا، 23 ژن كوژران و 23 ژنی دیكەش بە شێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی پلاتفۆرمەكە، لە کۆی ئەو 23 ژنە، هەشت ژن لەلایەن هاوژینەكانیان، چوار ژن بەدەستی خزمەکانیان، سێ ژن بەدەستی هاوژینی پێشوویان، دوو ژن بەدەستی باوکیان، دوو ژن بەدەستی کوڕەکانیان، ژنێک بەدەستی خۆشەویستەکەی، ژنێک بەدەستی خۆشەویستی پێشووی، ژنێک بەدەستی براکەی و ژنێک بەدەستی کەسانی نەناسراو كوژراون. بەو پێیە 35%ی ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.
هەر بەپێی بەدواداچوونی پلاتفۆرمەکە، 20 ژن لەنێو ماڵەكانیاندا، 3 ژن لە شەقام كوژراون. هەروەها 19 ژن لە شارەکانی تورکیا و 4 ژن لە باکووری کوردستان کوژراون. زۆرترینیان لە ئیستەنبووڵ و مەڵەتی بووە، کە لە هەر یەکێک لەو دوو پارێزگایە سێ ژن کوژراون.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، لە تورکیا و باکووری کوردستان 205 ژن کوژران و 117 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو پلاتفۆرمە، لە ساڵی 2023دا 315 ژن، لە ساڵی 2022دا 398 ژن لە ساڵی 2021دا 367 ژن و لە ساڵی 2020یشدا 300 ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون.
-Rudaw