کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان زۆر خراوەتە ژێر گوشارەوە" و بە پێویستی دەزانێت دەسەڵات هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و رۆژنامەڤانانیش پیشەییانە کاری خۆیان بکەن تاوەکو گرفتەکان بە دەسەڵات بگەیەنن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، یاکۆ بیرێندس، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان باس لە پلانی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها باس لە ئاستەنگییەکانی بەردەم چاکسازییەکانی هێزی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: "هەندێک بەرپرس زۆر وابەستەی حیزبەکانیانن و کاریگەرییان لەسەر رێکخستنەوە و چاکسازییەکانی پێشمەرگەدا هەیە."
یاکۆ بیرێندس باس لە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەکو کۆنسووڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت گەلی کورد زۆر میواندۆستن و "کاتێک دەڕۆم، پارچەیەکی بچووکی کوردستان لە دڵمدا هەڵدەگرم و لەگەڵ خۆمدا دەیبەمەوە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یاکۆ بیرێندس، کۆنسووڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان:
رووداو: 10 ساڵە هۆڵەندا کۆنسووڵخانەی گشتیی لە هەولێر کردووەتەوە، پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەمستردام وەکو خۆیەتی یان گۆڕانکاریی نوێ هەن؟
یاکۆ بیرێندس: بە دڵنیاییەوە ئەمە پرۆسەیەکی هەیە، 10 ساڵ لەمەو پێش پێمانوابوو زۆر پێویستە ئەم جێپەنجە دیپلۆماسییە هەمیشەییە لێرە هەبێت، ئەوەش ئەنجامی ئەو راستییە بوو، کە ژمارەیەک هەڵگری پاسپۆرتی هۆڵەندیمان هەبوو، بۆیە کۆمەڵگەی هۆڵەندی - کوردی یەکێک بوو لە هۆیە سەرەکییەکانی دامەزراندنی کۆنسووڵخانە گشتییەکەمان لێرە، دیارە گەلێک هۆکاری دیکەیش هەن کە کارمان لەسەر کردوون.
بە دڵنیاییەوە لەو 10 ساڵەدا گۆڕانکاریی هەبووە ئێمە تەنیا بە باڵەخانەیەک و یەک کەس دەستمانپێکرد کە پێی دەڵێین "لاپتۆپ دیپلۆمات"، ئێستا ستافێکی زیاد لە 10 کەسین کە زۆریش گەورە نییە، بەڵام بۆ ئێمە و ئەو شتانەی هەوڵدەدەین بیانکەین جێی سەرنجە و لێرە لەگەڵ باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا زۆر کاردەکەین، کە ئەوێ زۆر گەورەترە، خۆشحاڵین کە ئێستا گەیشتووینەتە ئێرە.
رووداو: دوو ساڵی پێشوو سەرنجی سەرەکیی کارەکانتان لێرە چی بوو؟
یاکۆ بیرێندس: ئێمە کۆمەڵگەی هۆڵەندی - کوردیمان هەیە ئەوە هێشتا بە بەشێکی زۆر گرنگی کارەکەمان دەمێنێتەوە، هێشتا ئێمە گەلێک کاردانەوەمان لەو کەسانەوە پێدەگات کە میراتی هەبوونی ئەم کۆمەڵگەیەن، چونکە ئەو کاتەی گەلی کورد زۆر لەژێر هێرشدا بوون لە سەردەمی سەدام حوسێن، ئێمە یەکێک بووین لەو وڵاتە ئەورووپییانەی میوانداریمان لەو خەڵکە کوردە زۆرە کرد کە لە چەوساندنەوەی گشتی هەڵهاتبوون و لەو رێگەیەوە ئەم پەیوەندییە دامەزرا. ئێستا ئێمە یەک - دوو نەوە زیاترمان هەیە، بەڵام ئەوە وەک بەشێکی زۆر گرنگی کارەکەمان دەمێنێتەوە، لەپاڵ ئەوەدا بەشی گرنگی کارەکەمان ئابوورییە، کار لەسەر بازرگانی و ئابووری دەکەین لەو 10 ساڵەدا پێشکەوتووە و بووەتە پایەیەکی گرنگی کارەکەمان، ئەگەر هەوڵ بدەیت بزانیت کاری سەرەکیمان چییە کە دەیکەین، ئەوە بابەتی سیاسی و ئەمنییە کە چاکسازیی پێشمەرگە و زۆر لایەن لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانی ئێمە و ئێوەوە هەیە تا ئەوەندەی بتوانین ئەم هەرێمە بە سەقامگیر و پارێزراو بهێڵینەوە.
رووداو: یەکێک لەو سێکتەرانەی هۆڵەندا لە کوردستان سەرنجی لەسەریەتی گەنجانە ئێوە لەم لایەنەوە پرۆژەی جیاوازتان هەیە وەک هۆڵەندا چ هەستێکتان هەیە؟ چونکە ئێوە لە کوردستان لەگەڵ گەنجان زۆر کار دەکەن.
یاکۆ بیرێندس: پێمانوایە کارکردن لەسەر بواری گەنجاندا زۆر گرنگە، چونکە ئەوان نەوەی داهاتوون و دەبێت ئەم کۆمەڵگەیە پێکبهێنن. هەستی من ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر گەنجی پڕ وزە هەن، کە دەیانەوێت ئەوەندەی بتوانن هەموو دەرفەتێک بقۆزنەوە زۆرینەی زانکۆکانی ئێرە خانەخوێی خوێندکاری زۆرباشن، بەرنامەی خوێندنیان زۆر پتەوە کە ئەوەیش تایبەتمەندییەکی گەورەی سیستمی ئێرەیە، کە زۆرینەی ئەو زانکۆیانە بۆ هەمووان بەردەستن، بەو مانایەی کە لە لایەنی ئابوورییەوە بەربەستی راستەوخۆ نییە و دەتوانرێت خوێندنێکی باش بخوێنرێت.
ئەوەی من وەک لایەنی پەروەردەی گەنجان دەیبینم کە ئێستا کەمتر گەشەی کردووە، ئەوەیە کاتێک ئەم خوێندکارانە لە زانکۆ دەردەچن چۆن ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی بچنە بازاڕی کارەوە تاوەکو لای کەرتی تایبەت جێی سەرنج بن، یان بتوانن بچنە کاری نێودەوڵەتییەوە ئەگەر حەز بکەن، بۆیە زۆر کار هەن کە دەبێت بکرێن. پێموایە وەک بەکارهێنانی تەواوی وزەی سیستەمی خوێندن و پەروەردە کە وای لێ بکرێت بەسوود بێت بۆ نموونە، بەشێکی زۆر گرنگی ئەو کارەی لەگەڵ حکومەتی ئێرەدا دەیکەین ئەوەیە وا بکەین خوێندن بکەینە ئامڕازێکی هەمەچەشنکردنی ئابووری و وا بکەین چۆن گەشە بە کەرتی تایبەت بدەن، چۆن سوود لەم گەنجە پڕ وزانە وەربگرن کە دەیانەوێت کۆمپانیاکانی داهاتوو بونیاد بنێن.
رووداو: ئێوە وەک هۆڵەندا ئێستا لە چ بوارێکدا پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
یاکۆ بیرێندس: سەرەتا پێموایە گرنگە بزانرێت کە ئێمە وەک خۆمان پرۆژەی دیاریکراوی گەورەمان هەن و لەگەڵ هاوبەشەکانمان بڕێکی بەرچاو پارەیان بۆ خەرج دەکەین و هەوڵدەدەین بەسەر ئەو کێشە گەورەیەدا زاڵ ببین کە لێرە هەیە، مەبەستم لەمە ئەو بەرنامەیەیە پێیدەگوترێت "ئاسۆکان" کە بەرنامەیەکە سەرنجی لەسەر کەمپی ئاوارە نێوخۆییەکانە، هێشتا کەمپی ئاوارە نێوخۆییەکان زۆرینەیان لەم هەرێمەدان و خانەخوێی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکن، هەروەها پرۆژەکان پەیوەندییان بە گەنجان و پەروەردە و ئەو خەڵکەوە هەیە، کە هەوڵدەدەن دواجار لە دەرەوەی کەمپەکان پێبگەن و بگەڕێنەوە بۆ ژینگەی خۆیان، ئەوە بەشێکە لەو کارەی لەگەڵ هاوبەشە گەورەکانی وەک بانکی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی ئێرە و بەغدا دەیکەین.
ئەگەر لێم بپرسیت بە شێوەیەکی راستەوخۆ زیاتر چی دەکەن، ئەوا دەڵێم ئەو بەرنامانەی پەیوەندییان بە ئابووریی و کشتوکاڵەوە هەیە، گرنگە بزانرێت ئاستی جیاوازی هاوکاری هەن، بۆ نموونە هاوکاریی حکومەت بۆ حکومەتمان هەیە کە لەو شتانەی پێمانوایە دەتوانین راوێژی بەهێز بدەین، راوێژ دەدەین و ئەوەش پێشوازیی لێکراوە بۆ ئەوەی چۆن سیاسەتێکی بۆ دابنرێت، هەروەها بەرنامەی بازرگانی بۆ بازرگانی هەیە کە کۆمپانیاکان پێکدەگەیەنین. هەروەها زانیاری بۆ زانیاری هەیە کە پەیوەندیی هەیە بەوەی چۆن زانیاریی کشتوکاڵی بۆ یەکدی دەگوازیتەوە، ئەمە زۆر گرنگە چۆن ئەو زانیارییە دەگوازیتەوە کە پێمانوایە دەکرێت بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی ئێرە بەسوود بێت، چۆن ئەو زانیارییە دەگوازیتەوە بۆ دامەزراوە و زانکۆ کوردییەکان. جا ئێمە لەم ئاستە جیاوازانەدا پرۆژەی جیاوازمان هەن، ئێستا کار لەسەر پرۆژەیەک دەکەین بە ناوی "شارەکەت دروست بکە"، پرۆژەیەکە کە لە شار و شارۆچکە بچووکەکاندایە و سەیر دەکەین بزانین کێشەکانی ئەوێ چین کە خەڵک پێیان کاریگەرن و هەوڵدەدەین زانکۆکان بەکاربهێنین بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ مامۆستا و خوێندکاراندا کاربکەین بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کێشانەدا و خۆیان بتوانن کێشەکانی خاشاک و ئاو و کشتوکاڵ چارەسەر بکەن.
رووداو: پلانی چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە وەک پلانێکی هۆڵەندی ناسراوە، چونکە بیرۆکەی سەرەکی و پێکهاتەی پلانەکە هی ئەفسەرە هۆڵەندییەکانە، ئەو پلانە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
یاکۆ بیرێندس: ئەوەندەی من بزانم، پرۆسەکە هەبوو و ئێمە لە ئەندامە یەکەمەکان بووین و هەوڵمان دا بەشدار بین، بەڵام چەند وڵاتی دیکەیش هەبوون، بۆیە ئێمە یەکەم نەبووین ئێمە لەلایەن حکومەتی ئێرەوە داوامانلێکرا بەشدار بین، چونکە پێیانوابوو دەتوانین لەمەدا هاوبەشێکی بەنرخ بین، ئێمە هێشتا پێمانوایە دەتوانین لەم چاکسازییەدا کاربکەین ئەم پرۆسەیە تەواو قورس بووە.
گرنگە باس لەوە بکەم ئەم رەخنەیە رووی لەو کەسانە نییە کە هەوڵدەدەن کار لەسەر یەکخستنەوە بکەن و وەزارەتێکی یەکخراوی پێشمەرگە دروست بکەن کە یەکەی پیشەگەر بن و بتوانن باشتر ئەم هێزە یەکخراوانەی پێشمەرگە بەڕێوەببەن، ئەوەی دەبێتە رێگر ئەوەیە کە لە سەرووی ئەوەوە چینێکی سیاسی هەن، کە تێیدا ئەو خەڵکەی لەنێو پێشمەرگەدان سەر بەم لایەن یان ئەو لایەنەن، تاوەکو ئاستی سیاسی پشتیوانیی ئەمە بکات و سەختی دروست بکات، ئەوا بە بۆچوونی من دەبێت واز لەمە بهێنێت و پێویستە بگەنە چارەسەرێکی دیاریکراو کە تێیدا لە بری بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەهای گەورەتری پرۆژەکە ببینن.
تاوەکو پرۆژەکە لەسەر مێز بێت، پرۆسەیەکی زۆر قورس دەبێت، بەڵام هێشتا ئێمە و حکومەتی ئێرەش بڕوامان بە بەهاکانی پرۆژەکە هەیە، بۆیە بەردەوام دەبین لەوەی هەوڵی خۆمانی تێدا بخەینە گەڕ، هێشتا پێمانوایە دەکرێت زۆری لێ بەرهەم بێت.
رووداو: پار هەندێک سەربازی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کە لە ئەرکدا بوون قسەیان بۆ رۆژنامە و راگەیاندنەکانی هۆڵەندا کردووە و رەخنەیان لە چۆنیەتی بەڕێوەچوون و خاویی پرۆسەکە گرتووە، ئایا هۆڵەندا بۆچوونی جیاوازی لەبارەی پلانەکە و پرۆسەکەوە هەیە؟
یاکۆ بیرێندس: رەنگە بۆچوونی ئێمە لەسەر ئەوەی ئێستا دەبێت چی بکەین جیاواز بێت لە ماوەیەک لەمەوبەر، خاڵێک هەیە کە تێیدا دەڵێن: "ئێمە ئەوە نابینین کە بتوانین بەهای زۆر بۆ ئەم پرۆسەیە زیاد بکەین کە هێشتا پێویستە لەوێ بین"، ئێمە هێشتا لەو خاڵەدا نین، بەڵام دەتوانم ئەوە ببینم رەنگە لە داهاتوودا خاڵیک هەبێت کە بڵێین "ئیدی ئەمە بۆ ئێمە نییە، ئێمە چەندین ساڵ هەوڵمان دا و ئیدی نابینە بەشێک لێی"، پێموایە هێشتا زۆر گرنگە پشتیوانیی ئەو توخمانە بکرێت کە بە راستی دەیانەوێت ئەمە سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەوە هێمای شتێکە کە لە پێشمەرگە گەورەترە، هێمای ئەو راستییەیە کە هێزی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی هەرێمی کوردستاندایە نەک لە جیابوونەوە بۆ دوو لایەن و زیاتر، ئێمە زۆر باوەڕمان بەو لایەنە هەیە ئەوە ئەو بەها هێماییەیە کە ئێمە هێشتا پابەندین پێوەی، بە راستی پێمانوایە لەم چەند ساڵەی رابردوودا ئەم هەرێمە بۆ هەندێک هاوبەش کەمتر کاریگەر بووە و کەمتر سەرنجڕاکێش بووە ئەوەش لەبەر ئەو راستییەی کە یەکگرتوویی نییە، هەروەها دێینە سەر ئەم هەڵبژاردنەی لە پێشە، کە زۆر گرنگە و دیسان دەبێت سەرەتایەکی تازە بێت و دوای هەڵبژاردنەکە یەکگرتوو بن، رەنگە بەر لە هەڵبژاردن ئەوە سەخت بێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن بۆ دەستپێکێکی تازە و حکومەتێکی نوێی هەرێمی کوردستان کە یەکگرتوو بێت، گرنگە.
رووداو: بۆچی ئەم یەکخستنەوەیەی پێشمەرگە بۆ هۆڵەندا و هاوپەیمانان گرنگە؟
یاکۆ بیرێندس: ئەوە دوو لایەنی هەیە یەکەمیان ئەوەیە کە ئێمە بە گرنگی دەزانین، چونکە ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە وەک هاوبەشێکی ئێمە، ئێمە لەمەدا هاوبەشین، بۆیە ئەگەر یەکێک لە هاوبەشەکانت حەزی لە شتێک بێت، تۆش دەچیتە ناویەوە و ئامانجی هاوبەشتان هەیە لە پاڵ ئەوەدا، ئەگەر سەیری بەرژەوەندیی هۆڵەندا لەمەدا بکەیت، بە دڵنیاییەوە ئێمە بەرژەوەندیمان لەوەدایە ئەم هەرێمە بە سەقامگیری و جێگیری و پارێزراوی بهێڵینەوە. ئێمە لە ئەرکی "OIR"دا زۆر چالاکین کە گەلێک سەربازی هۆڵەندیمان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە بە دڵنیاییەوە ئەوەش لەبەر مەترسیی داعشە و هێشتا هەر مەترسییە، بە گشتی لێرە مەترسییە، بەڵام بۆ ئێمەی وڵاتانی رۆژئاواییش مەترسییە. کەواتە بەرژەوەندیی نیشتمانیمانە کە ئەم هەرێمە بە سەقامگیر و ئاسایش و پارێزراوی بهێڵینەوە، هەروەها بەشێکی گرنگی بۆ ئێمە ئەوەیە کە ناوچەکە بە گشتی سەقامگیر و ئاسایش و پارێزراو بێت.
رووداو: عێراق داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات کە بە لایەنی کەمەوە ساڵی داهاتوو کۆتایی بە ئەرکەکەی بهێنێت و هۆڵەنداش بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییە، پێتوایە کاتەکە بۆ هەنگاوێکی وا گونجاو و دروستە؟
یاکۆ بیرێندس: بە دڵنیاییەوە تێڕوانینێکی رەوا لای عێراقییەکان هەیە، کە لە چەند ساڵی ئایندەدا چۆن وڵاتەکەیان رێکبخەن، بۆیە لەم روانگەیەوە ئەوە شتێکی لۆژیکییە کە چۆن ئەمە پێ بنێتە قۆناخی دواترەوە. پێموایە ئەوەی روودەدات ئەوەیە شێوەی هاوکارییەکە دەگۆڕێت و رێگەی تازە هەن تاوەکو لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرەوە بانگهێشت بکرێیت بۆ ئەوەی لە زەوینەی سەربازیدا ئامادە بیت، بەڵام پێموانییە مەبەستەکە ئەوە بێت کە هێزە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان بە تەواوەتی نەمێنن، پێموایە ئێمە لە قۆناخی گواستنەوەداین و بە تەواوەتی ناتوانم پێشبینی بکەم کە کۆتایی بێت. رێکخستنەوەی ئەم هاوکارییانە زیاتر دەبن لەوەی کە لایەنی عێراقی و لایەنی نێودەوڵەتی لای خۆیانەوە بڕیار بدەن ئیدی بە هیچ جۆر و رێگەیەک پێویست نییە. پێموانییە ئەوە رووبدات.
رووداو: پێتوایە کە بە تەواوەتی نەمانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە هەبێت کە لە عیراق و ناوچەکەدا کاردەکەن؟
یاکۆ بیرێندس: پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان ئەو دووانەدا نییە، چونکە بەو جۆرە نییە کە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکان و ئابوورییەکان بەدیهاتبن، زلهێزە رۆژئاواییەکان لێرەن کە پەیوەندییە راستەوخۆکە لەو لایەنەدا نییە، بەڵام ئەوەی دەیکات ئەوەیە ئەو پەیوەندییەی دەتوانیت دروستی بکەیت، ئەگەر ئەم ناوچەیە بە سەقامگیری و ئاسایش و پارێزراوی بمێنێتەوە، ئەوا گەلێک گەشەسەندنی ئابووری لێرە دەبێت و خۆبەخۆ دەبینیت کە ئەو ناوچەیەی بە شێوەیەکی تایبەت بۆ هاوبەشە بازرگانییەکان زۆر سەرنجڕاکێش بێت و لە بازرگانییەوە بەرەو وەبەرهێنان بچن، ئەوە نیشانەیەکی ئابووریی گرنگە کە هەرکاتێک کۆمپانیاکان لە بازرگانییەوە بەرەو وەبەرهێنان دەچن، ئەوا بە گشتی لەو کاتانەدا روودەدات کە سەقامگیری و ئاسایش هەبێت، بۆیە ئەگەر زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بتوانن ئەوە دابینبکەن و یارمەتیدەر بن لەوەدا ئەم ناوچەیە سەقامگیر و ئاسایش بێت، ئەوا کاریگەریی هەیە.
رووداو: تۆ لەگەڵ هەموو حیزبەکانی هەرێمی کوردستاندا دانیشتوویت، دۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت؟
یاکۆ بیرێندس: ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی هەن پێیانوایە کوردستانێکی یەکگرتوو تاکە شتە و کلیلی بەرەوپێشچوونە، منیش پێموایە ئەوە بۆ زۆربەیان زۆر قورسە، چونکە زۆر بە داینامیکی حیزبەکەیانەوە چەسپاون، هەروەها پێموایە ئەوە پێویستی بە سەرکردایەتییە، کە بتوانێت هەندێکجار ئەوە بخاتە لاوە و کار لەسەر سازش بکات، ئەگەر دەتەوێت شتێک بۆ باشەیەکی گەورەتر بە دەستبهێنیت دەبێت جاروبار سازش بکەیت، کەم تا زۆر نیەت بۆ ئەم سازشانە هەیە، بۆیە هەندێکجار هێڵێکی زۆر سەخت رێگەت لێدەگرێت کە بگەیتە ئەوێ.
رووداو: دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
یاکۆ بیرێندس: لەم دوو ساڵەی رابردوودا ئەو مافی مرۆڤەی باسی دەکەیت لە لایەنی جۆراوجۆرەوە زۆر لەژێر گوشاردا بووە، ئاسایش لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئەو رێگرییانە لەبەردەم راگەیاندنی ئازاد و مافەکانی مرۆڤ دادەنێت، هەروەها لە دیدگەیەکی دیکەوە گەشەسەندنی زۆر ئەرێنی دەبینیت، وەک ئەوەی کاتێک باسی رووداو و پیشەگەریی رۆژنامەڤان دەکەین، کە لێرە زۆرینەی راگەیاندنەکان سەر بە حیزبن، مانای وایە تۆ هەمیشە خۆتیت ناتوانیت 100٪ بابەتییانە بیت، بەڵام کە رۆژنامەڤانانێک دەبینیت کاردەکەن بۆ ئەوەی لەو کارەی هەیانە زۆر بەتوانا بن، ئەوا وا دەکات زۆر ئاسان بێت ئەو کاریگەرییەی هەبێت و شتانێک بکات کە رۆژنامەڤانی بابەتی دەبێت بیانکات، من ستایشی ئێوەی رۆژنامەڤانی ئێرە دەکەم بۆ ئێمە هەمیشە تۆزێک هاوسەنگ بووە، پێویستە دڵنیا ببینەوە کە ئەگەر لێرە هەڤپەیڤینێک بکەین، دەبێت لە لایەکەی دیکەیش بیکەین، چونکە هێشتا زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندن سەر بە حیزبەکانن.
رووداو: باسی هەڵبژاردنت کرد. بەڵام ئارەزوو دەکەیت ئەم هەڵبژاردنە لە چ دۆخ و ژینگەیەکدا بکرێت؟
یاکۆ بیرێندس: لە هەموو ئەو هەنگاوانەی ناومانن بۆ هەوڵدان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان لە بارەی ئەوەی کە چەندە هەڵبژاردن گرنگە، جەختمان لەوە کردووەتەوە هەر زۆر گرنگە ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخ و زەمینەیەکی باشدا بکرێت، ئەوە مانای وایە دەبێت شەفافیەتێکی باش هەبێت کە زۆر گرنگە، خەڵک چۆن بزانن پرۆسەکە چییە و چۆن لە ئەنجامەکان تێبگەن و چۆن بزانن پرۆسەی بەرپرسیارێتی چییە؟ چۆن بزانن ئەنجامەکان چۆن دەبن؟ رۆژنامەڤانان لەوەدا رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن، ئەگەر رۆژنامەڤانان بتوانن کارەکەیان ئازادانە بکەن، ئەوا دەتوانن ئەوەی دەیبینن راپۆرتی لەسەر بکەن هەروەها هەندێکجار لە هەڵبژاردندا ناڕێکییەک دەبێت یان کەسانێک دەسەڵاتیان خراپ بەکاردەهێنن، چونکە ئەوە روودەدات و شتەکان بەو جۆرە نابن، کە پێویستن، بەڵام زۆر گرنگە شەفاف بن، ئەوەش لەو لایەنەوە کە رۆژنامەڤانتان هەیە و راپۆرتی لەسەر بکەن و کاردانەوەیان نەبێت و گوشاریان لەسەر نەبێت کە تەنیا ئەم ناوچەیە رووماڵ بکەن و فڵان ناوچە نەکەن، ئەوە رێک ئەو شتەیە کە دەبێت رۆژنامەڤانێکی بابەتی بتوانێت بیکات.
رۆژنامەڤانان رۆڵێکی گرنگیان لە گوتنی راستییەکان بە دەسەڵات هەیە، ئەگەر دەسەڵاتت هەبێت ئەوا ئیدی دەبێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگریت، چونکە ئەگەر تەنیا دەسەڵاتت هەبێت و بەرپرسیارێتیت نەبێت ئەوا دۆخێکی زۆر مەترسیدار سەرهەڵدەدات، بۆیە رۆژنامەڤان زۆر گرنگە راستییەکان بە دەسەڵات بڵێت تاوەکو دەسەڵات بەرپرسیار بکات.
رووداو: تۆ لە دوایین رۆژەکانتدایت لە هەرێمی کوردستان، ئەو شتە چییە کە لێرە لە کاتی ئەرکەکەتدا کاری تێکردوویت و لە بیرت ناچێتەوە؟
یاکۆ بیرێندس: هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا گرنگترین شتە کە کاریگەرییەکی بەردەوامی دەبێت، بە تایبەتی لە ماوەی کارەکەمدا لە هەرێمی کوردستان تێکەڵبوونی خەڵک و پەیوەندی لەگەڵیان بە لامەوە زۆر تایبەت بوو و ئەوەیش لەوەوە سەرچاو دەگرێت کە فەرهەنگی کوردی تەواو میواندۆستە، هەر کەسێک کە دەیبینیت دەیەوێت لە ماڵەوە میوانداریت بکات و بە ژەمێک خزمەتت بکات و دەیەوێت دیسان ببیتەوە بە میوانی، ئەوە وایکرد لە گوتارەکەمدا لە رۆژی نیشتمانیدا بڵێم: "کاتێک دەڕۆم، پارچەیەکی بچووک لە کوردستان لە دڵمدا هەڵدەگرم و لەگەڵ خۆمدا دەیبەمەوە،" چونکە ئەو کاریگەربوونە لەگەڵ خەڵکیدا بە راستی رەگ دادەکوتێت و پێتەوە دەچەسپێت، بە دڵنیاییەوە ئەوە دەبێتە ئەو بەشەی کە زۆرترین کاریگەریی لەسەر من دەبێت.
رووداو: ئەو بەشەی فەرهەنگەکە چییە کە بە دڵت بووە؟
یاکۆ بیرێندس: هەر ئەو ژینگەیەیە کە تۆ زۆر بە ئاسانی بۆ ماڵەوە بانگهێشت دەکرێیت، کاتێک بە پیشەییانە لەگەڵ خەڵکدا قسە دەکەیت نابێت سەرکردەیەکی سیاسی بیت، بەڵام لە هەر کارێکی دیکەدا کە قسە لەگەڵ خەڵک و بازرگانان و ئەو کەسانەدا دەکەیت بە گشتی کاتێک بە شێوەیەکی پیشەییانە دیدار دەکەن، دوای ئەوە بانگهێشتیشت دەکەن بۆ ماڵەوە یان بۆ شوێنێک کە خۆیان وەک خێزان حەز دەکەن لەوێ میوانداریت بکەن، کاتێک دەچیت بە گشتی زۆربەی خێزانەکە بەشداری دەکەن، کوڕ و ژن و منداڵەکان هەموویان لەم میواندارییەدا بەشداری دەکەن ئەوە وا دەکات زۆر جوان بێت و زۆر هەست بە گەرموگوڕییان بکەیت.
رووداو: لەو ماوەیەی لێرە بوویت، ئەو شتە چی بوو کە ئارەزووت دەکرد روو دات، بەڵام نەتبینی؟
یاکۆ بیرێندس: هەمیشە شتانێک هەن کە پێتخۆشە زیاتر بوونایە، کاتێک باسی هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە دەکرێت بە دڵنیاییەوە ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەی کە زۆر باش دەبوو ئەگەر ئەو پرۆسەیە تۆزێک بەرەوپێش بچووایە، هەروەها پێموایە زۆر باش دەبوو ئەگەر بکرایە هەنگاوی دیکە بنرایە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە کە لە ئاستی داخوازییاندا بووایە، ئەوە لەنێو لیستی ئارەزووەکانمە، بەڵام ئێمە زۆر بە جیددی کارمان لەسەر ئەم گرفتانە کرد پێیشموایە ئێمە زۆر شتمان تەواو کرد ئەوە مانای وا نییە کە پەشیمان بم لەوەی هەوڵی زۆرمان لەم شتانە بەگەڕخست، بەڵام دەبینم کە زۆر کار هەیە لەم بوارانەدا دەبێت بکرێن.
-Rudaw