بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانانی بێ‌سنوور (RSF) لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە تورکیا لانیکەم 131 رۆژنامەڤان زیندانی‌کراون، کە 77ـیان بە تۆمەتی 'سووکایەتی بە سەرۆککۆمار' ئەو سزایە دراون.
لەو راپۆرتەدا کە رۆژی شەممە (10-8-2024) بڵاوکرایەوە، باس لەوە کراوە زۆربەی ئەو رۆژنامەڤانانە لە دەزگاکانی وەکو ئۆزگور گیوندەم، جمهووریەت، سۆزجو و زەمان کاریان کردووە.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان گۆک، تۆڵگا شاردان، مەردان یانارداخ، بارش پەهلیڤان و فورقان کارابای کراوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکەی (RSF) ساڵی 2023 لە تورکیا، رۆژنامەڤانانی کورد وەکو 'ئامانج' سەیرکراون. ئەو رێکخراوە هەروەها رۆژی 3-5-2024 کە رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەڤانییە، رایگەیاند کە تورکیا لە کۆی 180 وڵات لە پلەی 158 ـدایە.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، کاتێك لە 2014 بۆ یه‌كه‌مجار به سه‌رۆككۆماری توركیا هه‌ڵبژێردرا، مادەی 299ـی له یاسای ژماره 5237ـی تایبه‌ت به یاسای سزاكانی توركیا هەموار کردەوە و بە زیادکردنی چەند بڕگەیەک مادەکەی قورس‌تر کرد.
به‌گوێره‌ی بڕگه‌كانی ئه‌و ماده‌یه، هه‌ر كه‌سێك سووكایه‌تی به سه‌رۆككۆمار بكات سزای ساڵێك بۆ چوار ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت. ئهوانەشی پارێزبه‌ندییان هه‌یه، سزای دارایی ده‌درێن. زۆرترین سزای دارایی‌ش بە کەمال کڵچدارئۆغڵو دراوە، بە تۆمەتی ئەوەی لەکاتی گوتارەکانیدا سووکایەتی بە ئەردۆغان کردووە.
بەپێی ئاماری وه‌زاره‌تی دادی توركیا، له ساڵی 2014دا 40 كه‌س، له ساڵی 2015دا 238 كه‌س، له ساڵی 2016دا 884 كه‌س، له ساڵی 2017دا 2 هه‌زار و 99 كه‌س، له ساڵی 2018دا 2 هه‌زار و 462 كه‌س و له ساڵی 2019شدا 3 هه‌زار و 831 كه‌س بە "تاوان"ی سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان به یه‌ك بۆ چوار ساڵ به‌ندكردن سزادراون.
به‌مه‌ش له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ردۆغاندا 9 هه‌زار و 554 كه‌س ته‌نیا به تۆمه‌تی سووكایه‌تیكردن به سه‌رۆككۆمار خراونه‌ته زیندانه‌وه.
-Rudaw