كەیسە گەورەكانی گەندەڵی




ئەمرۆ لەشاری هەولێر، یەكەمین راپۆرتی بەرنامەی بەدواداچوونی دادگایی كەیسە گەورەكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە، پرۆژەكە یەكێتی ئەوروپا پاڵپشتی دارایی كردوە، پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەكگرتووەكان، یونامی كوردستان، ئەنجومەنی دادوەری پێكەوە جێبەجێیان كردوە.
وەك جێبەجێكارانی پرۆژەكە ئاماژەیان پێكرد، ئەمە یەكەمین جارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرنامەو راپۆرتێكی لەو شێوەیە جێبەجێبكرێت، وەك راپۆرت بڵاوبكرێتەوە، لە تشرینی دووهەمی 2022 بۆ كانونی یەكەمی 2023، 100 كەیس چاودێری كراوە ، كە لە %25 ی وەزارەتی دارایی و %18ی وەزراەتی كارەباو، لە %17 ی وەزارەتی شارەوانییە.
داگایكردنی گەندەڵكاران و پاشان بە دواداچون و چاودێریكردنی كەیسەكانیان ، لە لایەن ئاژانسێكی نەتەوەیەكگرتوەكان، كارێكی پڕ بایەخە، بەڵام، دادگایكردنەكان كەپاشان بەدواداچونیان بۆ كراوە، سروشتی نهێنی پێدراوە، دووربوون لە چاوی هاوڵاتیان و میدیا و كۆمەڵی مەدەن .  
لەم بەرنامەی بەدوادچوونەدا لە 150 كەیس 275 تۆمەتبار تێوەگلاوە، توانیویانە بەدواداچوون بۆ 100 كەیس بكەن،  ، كە بەرزترین پلەی وەزیفی تۆمەتباران بەرێوەبەری رێگە پێدراوە، ئیتر ئەوانی تر بەرێوەبەری بەش و جێگرو موختارو راگرو و ئەفسەری پۆلیس و بەربَوەبەری گشتی، واتا وەزیرو جێگری وەزیر لە چوارچێوەی ئەو داگادگایكردنانەدا ناویان نەهاتوە.
مەترسی دیاردەی گەندەڵی لەسەر ئەزمونی حوكمڕانی، پێویستی بەوە نییە سیاسەتمەدارێكی ژیر بیت، یان پسپۆری ئابوری و دارایی بیت، تا دركی پێ بكەیت، حكومەت و هاوڵاتی سادە دەیزانێت، چونكە بە بەرچاوی حكومەت و هاوڵاتیانەوە دەكرێت.

هاوڵاتیان دەزانن گەندەڵكاران لە سەردەمی ئاودیوكردنی ژێرخانی كوردستانەوە لە سەرەتاكانی راپەرینی 1991، تا دەگاتە سەردەمی ئێستا ئەم توێژە كۆمەڵایەتییە هەلپەرستەی كوردستان رەوشتی پێشمەرگە، بەها و راپەڕینەكانی كوردستانیان كردوە بە قوربانی گیرفانیان، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو توێژە بەرەسمی لە دەسەڵاتی دامەزراوەكانەوە هێزی بەردەوامی وەردەگرن، دامەزراوەی حكومی بوون بە خزمەتكاریان. هەر كاتێكیش دۆسییەی ریفۆرم هاتۆتە ناو حكومەت شكستیان پێ هێناوە، سادەتر چونكە لە ناو حكومەتدا لەحكومەت بەهێزترن، شەرەكەیان بردۆتەوە.

لەسەر ئاستی رەسمی دیار نییە كام هێزە نوێنەرایەتی چاكسازی دەكات، ئەوەندە بە یەكدا چوون رەشو سپیت بۆ جیاناكرێتەوە، بە رۆژ یاسای بۆ دەردەكەن و بەشەویش پەتی سێدارەی بۆ هەڵدەواسن، هاوڵاتیان ناحەقییان نییە متمانەیان بەو هێزانە نەماوە.

ئەوەی روونە سەنگەری هاوڵاتیانی تینووە بۆ دادی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و نیشتیمانێكی بێ دز و قاچاخچی سیاسی، ئەمە سەنگەری راستەقینەی ریفۆرمە، ئەوەی گرەوی چاكسازیش دەباتەوە، ئەوەی دەیەوێ سەنگەری گەندەڵكاران هەڵتەكێنێت ئەو هێزەیە كە پشت بە هاوڵاتیانی كوردستان دەبەستێت لەم جەنگە چارەنوسازەدا.

رەحمان غەریب


PM:08:37:17/08/2024




ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌