بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، دەزگای هەواڵگریی میت هێرشەکەی رۆژی هەینی رابردووی نزیک سەیدسادقی گرتە ئەستۆ کە بەهۆیەوە دوو رۆژنامەڤان گیانیان لەدەستدا.
رۆژی 23ی ئەم مانگە، ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومانکرا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا- میت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "گوڵستان تەکیک [گوڵستان تارا] لە ساڵی 1998ـەوە چووەتە نێو ریزەکانی گرووپی تیرۆریستی [پەکەکە]ـەوە و داواکراو بووە بەهۆی ئەندامبوونی لە رێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار؛ ئەو لە سلێمانی ماوەتەوە".
دەشڵێت، "گوڵستان تەکیک کە بە فەرمانی موراد قەرەیلان، یەکێک لە رابەرانی پەکەکە/کەجەکەوە ناسنامەی ساختەی بۆ دەرهێندرابوو، لە ئۆپەراسیۆنێکدا و بە رێگەی درۆن لەلایەن میتەوە کرایە ئامانج و کوژرا".
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا، میت ئاماژە بەوە دەکات، "گوڵستان تەکیک لە سلێمانی، بە پشتیوانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پرۆپاگەندە و زانیاری ناڕاستی لەبارەی چالاکییەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکە بڵاودەکردەوە؛ هەروەها تێوەگلابوو لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆجیای [پەکەکە] و زیادکردنی ئەندام بۆی".
یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستدا ناوی هێرۆ بەهادین و مۆنتێر بوو لە نووسینگەی کەناڵی ستێرک تیڤی لە شاری سلێمانی و ئەوی دیکەش ناوی "گوڵستان تارا" بوو، خەڵکی ئێلیهـ لە باکووری کوردستان و یەکێک بوو لە بەرپرسانی نووسینگەی کەناڵەکە لە شاری سلێمانی.
باڵەخانەی سەرەکی کەناڵی ستێرک تیڤی لە ئەورووپایە و لە شاری سلێمانی نووسینگەی هەیە.
نووسینگەی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک لە سلێمانی سەر بە کۆمپانیای چەترە بۆ راگەیاندن. رۆژی 23-8-2024، کەمال حەمەڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هێرۆ بەهادین نزیکەی شەش ساڵە لە دەزگاکە کاری کردووە و خەڵکی شاری سلێمانییە. گوڵستان تاراش ماوەی سێ ساڵە وەکو "راوێژکار" کاری کردووە.
کەمال حەمەڕەزا گوتیشی، بریندارەکەش ناوی رێبینە و خەڵکی سلێمانییە و کارمەندی دەزگاکە بووە. گوتیشی، "ئەوانە رۆژنامەڤان بوون و دوور و نزیک پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نەبووە".
لە هەمان کۆنگرەدا، کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی، "زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکەین کە بکرێتە سەر رۆژنامەنووسان، چونکە بەگوێرەی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان رۆژنامەنووس بەدەرە لە هەموو قەیرانەکان و لە دەرەەوی شەڕەکاندایە".
سەرچاوە/ ڕووداو